نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندی رێککەوتنەکان بن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 -  هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی زانکۆی ئەمەریکی دووپاتیکردەوە، تەنیا بە یەکگرتوویی دەتوانین پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین و لەبارەی گۆڕانکارییەکی ئەم دواییەی بودجەی فیدراڵی، روونیکردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی رێککەوتننامەکان بن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، لە رێورەسمی ئاهەنگی خولی پێنجەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان و مامۆستایانی زانکۆکە و دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا هانی دەرچووانی زانکۆیدا هەموو هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو داهێنان و هەمەجۆرکردنی ئابووری و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ و سەردەمیانە، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پێشکەوتوو بمێنینەوە، بەردەوەوام دەبێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بڕۆین.

هاوکات نیچیرڤان بارزانی داوای لە گەنجان و دەرچووانی زانکۆ کرد بە بیرۆکەی زانستی داهێنەرانە و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، هەوڵبدەن و بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و پەرە بەتواناکان بدەن. هەروەها داواشی کرد تەنیا پشت بە کارکردن لە کەرتی گشتی نەبەستن و دەتوانن بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار هاوشێوەی سەرکەوتنیان لە خوێندن، خۆیان بسەلمێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی نموونەی سەرکەوتووی دەرچووانی زانکۆ بە رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکانی دیکەش جێگەی شانازییە و دەبێت ئەم هەوڵانە بەردەوام بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنیان.

لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد و رایگەیاند، دوای رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌موو لایه‌ك دركی به‌و سه‌قامگیرییه‌ كرد، كه‌ هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه‌ بشێوێنن، داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد، پابه‌ندی یه‌كڕیزی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بن و رێگه‌ به‌ شێواندنی دۆخه‌كه‌ نه‌ده‌ن.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جێگەی نیگەرانییە ئەگەر هەندێک لایەن هەوڵ بدەن کۆسپ بخەنە بەردەم رێککەوتنەکان و هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان مایەی قبوڵکردن نییە. 

 هەروەها نێچیرڤان بارزانی، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی رێککەوتنەکان بن جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، رێگەی دروست تەنیا پابەندبوونە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنەکان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە عێراق و هەرێمی وکوردستانیش دەبێت وانە لە رابردوو وەربگرین، هاووڵاتییان لە ناکۆکی سیاسی بێزار و ماندووبوونە، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و بە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینە پێش هەموو شتێکەوە، ئێمە تەنیا و تەنیا بە یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن و تەبایی پێکەوە دەتوانین پارێزگاری لە قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین".

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت، وەک بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایه‌ته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەودەکرێت.