پسپۆڕێکی وزە هۆکاری دابەزینی نرخی غاز لە ئەوروپا ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری ئابووری وزەی رووسیا، رایگەیاند، کۆمەڵێک هۆکار وەک کەشوهەوا، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و متمانەکردنی بەکارهێنەران بە سەرچاوەکانی وزە، بوونەتە هۆی دابەزینی نرخی غاز.

سێرگی کۆلۆبانۆڤ جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری ئابووری وزەی رووسیا گوتی: بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز لە ئەوروپا لە ساڵی رابردوودا بۆ چاوەڕوانییەکان و ترسی کەمیی غاز بووە لە داهاتوودا بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، دەشڵێت: نرخی ئێستای غاز پەیوەستە بە هۆکارەکانی دابینکردن و داواکاری لە بازاڕدا.

بە گوتەی ئەو شارەزایەی رووسیا، زۆر هۆکاری ئەرێنی لە بازاڕی غازی ئەوروپادا کۆبوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی غاز، لەوانە رێوشوێنی خۆپارێزی لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوروپی و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی غاز لە ناوچەکە و گەرمبوونی کەشوهەوا لە زستان، هەروەها وەرزی بەهاری رێگەی بە ئەوروپییەکان دا کە یەدەگەکانیان بپارێزن.

کۆلۆبانۆڤ رەتی نەکردەوە کە نرخی غاز جارێکی دیکە بەرزبێتەوە، رەنگە دوو هێندە زیاد بکات، روونیشیکردەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی LNG لە جیهاندا لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی نەکردووە، هەر بۆیەش لەگەڵ زیادبوونی خواست بەهۆی گەشەی ئابووری لە ئاسیا، رەنگە جارێکی تر نرخەکان بەرزببنەوە.

پێنجشەممەی رابردوو نرخی غاز دابەزی، کە بۆ هەر هەزار مەتر سێجایەک بە کەمتر لە 300 دۆلارە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رووبدات.