شاندێکی هەرێمی کوردستان و ئێران گفتوگۆ لەبارەی راکێشانی تۆڕی کارەبا و غاز دەکەن

K24 - چۆمان

ئەمڕۆ شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندێکی بارزگانی پارێزگای ورمێ، لە حاجی ئۆمەران کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی راکێشانی تۆڕی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوو ئەوە سێیەمین کۆبوونەوەمانە لەگەڵ شاندی ئێران سەبارەت بە کێشە تەکنیکییەکانی کارەبای حاجی ئۆمەران، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دابین دەکرێت، کێشەکە لە ناردنی پارە، بۆیە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ خۆی لەناو کۆبوونەوەکە بوو، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو گرفتە بکەین".

گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی گشتگیری پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە لە ورمێ، ئەو بابەتە بەشێوەیەکی فراوانتر باس دەکرێت، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پارەی کارەبای حاجی ئۆمەرانە".

قایمقامی چۆمان، راشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسی شێوازی گەیاندنی غاز کرا لە ئێرانەوە بۆ چۆمان و تەواوی دەڤەری باڵەکایەتی، هەروەها کارەبا لە ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە پێویستی بە گرێبەستی گشتگیر هەیە، بۆ ئەوەی هەردوولا پێوەیە پابەندبن".