حەمە رەئوف کەرکووکی: ئەلبوومێکی نوێم بە ناویشانی وەرزێکی ئاڵ ئامادەی بڵاوکردنەوەیە

ھونەرمەند حەمە ڕەئوف کەرکووکی
ھونەرمەند حەمە ڕەئوف کەرکووکی

K24 - هەولێر

ھونەرمەند حەمە ڕەئوف کەرکووکی بە ئەلبوومێکی نوێی گۆرانییەوە دەگەڕێتەوە نێو ھونەرەکەی.

ئەلبوومەکەی ھونەرمەند 10 تراکی گۆرانییە و حەوت لە بەرھەمەکانی تازەن و لە ئاوازی خۆیەتی و سێ بەرھەمی فۆلکلۆرییش لە گوڵبژێرێکی ھونەرمەند گەورە عەلی مەردانە و دووبارە بە ستایلێکی تازەوە لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشاڵی موزیکژەن ھۆنیویەتییەوە.

حەمە ڕەئوف کەرکووکی لە بارەی ئەلبوومە تازەکەیەوە، بۆ کوردستان 24 دەڵێت: ئەلبوومەکەم لەژێر ناونیشانی (وەرزێکی ئاڵ)ـە و 10 گۆرانیی لەخۆوە گرتووە، سێ لە بەرھەمەکانی نێو ئەو ئەلبوومە پێشووتر لە لایەن مامۆستای ھونەرمەند عەلی مەردان و ھونەرمەندانی دیکە گوتراون و حەوت لە تراکەکانی ئەلبوومەکەشم نوێیە و لەگەڵ ستافێکی ھونەری و چەند موزیکژەنێکی بەرچاوی شارەکەم کارم لەسەر کردووە، ئێستا خەریکی میکس و مایسترینگی بەرھەمەکانم.

حەمە ڕەئوف کەرکووکی گوتیشی: بەشێک لە گۆرانییەکانم بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری کەرکووکە و چەند گۆرانییەکیش لەو سیدیەدا بە خۆبەخشانە لە ستۆدیۆیەکی پڕۆفیشناڵی کەرکوک تۆمار کراون و ئێستا سەرقاڵی وێنەگرتنی یەکێک لەو گۆرانیانەی نێو ئەلبووکەمم، کە دڵنیام دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت لە نێو ھەوادارانم، چونکە دەمێکە لە چاوەڕوانی گۆرانی و بەرھەمەکانی بەندەن، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنم، کە کارە ھونەرییەکانی ئەو ئەلبوومە لە قۆناغی کۆتاییدا و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاودەبێتەوە.