بایدن و وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی G7 ده‌یانه‌وێ باوه‌ڕ به زێلێنسکی بهێنن ئاشتی قبووڵ بكات
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی ئیتاڵی ئاماژه به‌وه ده‌كات، وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت (G7) ده‌یانه‌وێ به‌خێرایی باوه‌ڕ به سه‌رۆكی ئۆكرانیا بهێنن ئاشتی قبووڵ بكات، هاوكات ژماره‌یه‌ك گه‌ره‌نتی ئاساییشیان بۆ ئۆكرانیا ئاماده‌كردووه، له ئه‌گه‌ری یهكلاییبووننهوهی دۆسیه‌ی كێشه‌كان.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی لا ریپۆبلیكا (la Repubblica)ـی ئیتاڵی، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشار بخه‌نه سه‌ر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك ببێته مایه‌ی ره‌زامه‌ندی وڵاتانی باشووری جیهان.
به‌گوێره‌ی ئه‌و رۆژنامه ئیتاڵییه، یه‌كێك له گه‌ره‌نتییه سیاسییه‌كان كه بڕیاره به ئۆكرانیا بدرێت، بریتییه له پێدانی هه‌لی هه‌نگاونان بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان له‌پێناو به‌ئه‌ندامبوون له یه‌كێتی ئه‌ورووپا. لا ریپۆبلیكا روونیشیكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا خوازیاره به‌زووترین كات كۆتایی به ململانێكانی ئۆكرانیا و رووسیا بێ، به‌وپێیه‌ی مانه‌وه‌ی ململانێكان ده‌بێته كۆسپ له‌به‌رده‌م دووباره كاندیدبوونه‌وه‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به دۆناڵد تره‌مپی ركابه‌ری بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه بڕیار وایه تشرینی ساڵی داهاتوو (2024) ئه‌نجام بدرێت.
لا ریپۆبلیكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا نازانن تا چه‌ندی دیكه ده‌توانن پشتیوانی ده‌نگده‌رانیان به‌ده‌ستبهێنن له مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، به‌وپێیه‌ی سه‌رچاوه سیاسی، دارایی و سه‌ربازییه‌كانی تا دێت له كورتی ده‌دات.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.