پزیشکێکی پسپۆری سعوودی: سەنتەری دڵی هەولێر و کارکردنی پزیشکانی کورد پێشکەوتووە

دکتۆر عەبدوڵڵا موسند، پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری دڵ
دکتۆر عەبدوڵڵا موسند، پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری دڵ

K24 – هەولێر:

شاندێکی پسپۆری پزیشکانی سەنتەری مەلیک سەلمانی سعوودی لە هەولێرن و هەڵسەنگاندن بۆ ژێرخانی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی هەولێر دەکات و پزیشکێکی شاندەکەش سەرسامی خۆی بە کارکردنی پزیشکانی کورد دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی ئایاری 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، محەممەد بن سلێمان عەسیری، کونسوڵی گشتی سعوودیە لە هەولێر، جەختی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دەیانەوێت لە هەموو بوار و ئاستەکاندا، پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا بکەن.

هەروەها کونسوڵی گشتی سعوودیە لە هەولێر باسی لە ئامانجی سەردانی تیمێکی پزیشکی و پسپۆری لە بواری تەندروستی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست لەو بوارەدا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نیوان سعوودیە و هەرێمی کوردستان بکەن و کاربکەن بۆ زیاتر ئاڵوگۆڕی زانستی و دروستکردنی هەماهەنگی و بەشداریکردنی پسپۆرانی ئەو بوارە لە کار و کۆنفراسە زانستییەکانی هەردوولا.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا موسند، پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری دڵ کە یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی سەنتەری مەلیک سەلمان رایەگەیاند، ئەم سەردانەمان بۆ هەولێر سەردانێکی بەدواگەڕان بوو، لەلایەن تیمێکی پیشەگەری سەنتەری مەلیک سەلمان کە شارەزاییەکی زۆری هەیە و سەردانی زۆر وڵاتانیان کردووە، دەتوانم ئەوەتان بۆ بگوازمەوە کە لە هەولێر بینیمان بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە سەردانمان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەیان، ئەو پزیشکە پسپۆرە سعوودیە گوتی، "سەردانی سەنتەری دڵمان کرد، بەڕاشکاویی من و ئێوە دەبێت شانازی بە بوونی سەنتەرێکی دڵی لەو شێوەیە بکەین کە زۆر پێشکەوتووە، پسپۆرانی خاوەن لێهاتوویی بەرزە، بینیم کە نەشتەرگەریی دڵی زۆر ئاڵۆزی تێدا ئەنجام دەدرێت، بە هەردوو شێوەی قەستەرە و نەشتەرگەریی".

لەبارەی کاروباری سەنتەری دڵ بۆ نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان، زیاتر گوتی، "پاشان بۆ منداڵان، من وەک پزیشکێکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری دڵی منداڵان، ئەمە باشترین سەنتەرێکە لە دەرەوەی سعوودیە سەردانم کردبێت. ئەمە شتێکی جوانە، کە دەخوازم لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئەو ئەو پزیشکانە پێکەوە کاربکەین، کە خاوەنی لێهاتوویی پیشەگەرانەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە پسپۆڕی گەوران و منداڵان.

هەروەها دکتۆر عەبدوڵڵا موسند ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانی نەخۆشخانەی گشتیمان کرد، سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان و نەخۆشخانەی چاومان کرد، ئەوەی بینیمان بەشێوەیەکی گشتی زۆر باش بوو، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام، ئەو تیمە پزیشکییە کوردییە بوو، کە بەجۆش بوون بۆ کارکردن و خزمەتکردنی هاووڵاتییان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکە سعوودیەکە هیوای خواست لەگەڵ سەنتەری مەلیک سەلمان لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن "شەڕەفی ئەوەیان هەبێت هاوبەشی لەگەڵ پزیشکە کوردەکان بکەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان".