حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان ده‌كات
K24 - هەولێر:
كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌كێكه له‌و كه‌رتانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌پاڵ سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كان و به‌هۆیه‌وه ئابووری هه‌رێمی كوردستان ببووژێته‌وه و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یشدا بناسرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بواره چڕ كردووته‌وه و پشتیوانی خۆی بۆ جووتیاران به ته‌واوه‌تی و به‌شێوه‌ی كرده‌یی نیشان داوه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا کابینەی نۆیەم، وێڕای ئاسانکاری، هاوكات پشتیوانی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە ده‌ربڕیوه، کە دەیانەوێت بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران هه‌نارده‌ی دەرەوە بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش دوای پڕکردنەوەی پێویستیی هاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی، بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن به‌روبومه‌كانی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكه‌ن.
پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی به‌روبومه كشتوكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن چەند کارگەیەکی پیشه‌سازی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەته‌وه ده‌بێت، كه بەرهەمی جووتیاران دەخەنە نێو تورەكە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسرێت "لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan" و دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت و لە بازاڕی وڵاتان ساغ ده‌كرێنه‌وه.
ئاراس حامید، خاوەنی کارگەیەكە، بەرهەمی خۆماڵی دەنێرێتە دەرەوە، به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاندووه، ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن، باجی گومرگییان لەسەر هەڵگیراوە و هیچ بڕە پارەیەک لەو بازرگانانە وەرناگیرێ، کە بەرهەمەکان دەنێرنە دەرەوە.
لێخۆشبوونی گومرگی، بڕیاری کابینەی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بازرگانان، تاکوو بەرهەمی ناوخۆیی بنێرنە دەرەوە.
حکومەتی هەرێم، بۆ پێشخستن و گەشەدان بە كەرتی كشتوكاڵ، پاڵپشتیی جووتیاران دەکات و هاوکاریان دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان؛ بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە ئامانجەکانی بازاڕدۆزییە بۆ بەرهەمی خۆماڵیی كوردستان.
رۆژی هه‌یینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022)، یه‌كه‌م كاروانی هه‌ناری كوردستان ره‌وانه‌ی وڵاتی ئیمارات كرا، هه‌روه‌ها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک چۆن پێشتر بەڵێنی بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان دابوو، لە دوای پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو، کار لەسەر هەناردەکردنی سێوی بەرواری، هەنگوین و ترێی خۆماڵی دەکات.
رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانی پرسی و بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەو دەڤەرە کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت. "