بڵند ئیسماعیل: گۆرانکارییەکانی ماددەی 13 و 14 پەیوەندی بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەوە هەیە

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتگیریکردنی گۆڕانکارییەکانی  پرۆژە یاسای بوودجە لە دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی ناوخۆییەوە، جۆرێک لە پەیوەندی بە پرسی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، حزبی شیوعی کوردستانیش هەموو ئەو هەنگاوانە رەتدەکاتەوە کە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانن.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "نەدەبوو حزبێک بچێت دژی هەرێمی کوردستان و دژی بەرژەوندییەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێت و بە دەستکەوتیش بزانێت".

هەروەها راشیگەیاند، "گۆرانکارییەکانی ماددەی 13 و 14 پەیوەندی بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەوە هەیە، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا نەکرێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان سورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت".

لەلایەن خۆیەوە، هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، هەر گۆڕانکارییەک لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نابێت لە کیانی هەرێمی کوردستان و کیانی سیاسی هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە.

شەوی پێنجشەممە په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: لیژنه‌ی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیدا ده‌نگی له‌سه‌ر هەردوو ماددەی 13 و 14ـی کە تایبەتە بە پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، هاوكات ئەندامێکی لیژنەی دارایش بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی پەسەندکردنی بودجە دیار نییە.

دوای ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی (22ـی ئایاری 2023)ـی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کاراکردەوە، ئەمڕۆ دەقی بڕیارەکە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

لە ژمارە (305)ـی رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان" كە رۆژنامەی فەرمی ھەرێمی كوردستانە و وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەكات، دەقی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە کە تایبەتە بە بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی.