ئاگربەستی سوودان پێنج رۆژی دیکە درێژکرایەوە

K24 - هەولێر

سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستیان بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا بڵاویکردەوە، "درێژکردنەوە ئاگربەست دەبێتە هۆی بەردەستبوونی هەلی باشتر بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و گەیشتنی خەڵک بە ناوچە پارێزراوەکان، هەروەها هۆکارێکیشە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتییەکی درێژخایەن".

هاوکات، هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و سعوودیە پێشوازییان لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی سوودان کرد و بە هەنگاوێکی ئەرێنیان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی سوودان لە قەڵەمدا.

لەلایەکی دیکەوە، فلیپۆ گراندی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداریدا، ئەگەری ئەوە هەیە تا کۆتایی مانگی دەی ئەمساڵ ملیۆنێک کەس هەوڵی هەڵهاتن لە سوودان بدەن، بەهۆی خراپی دۆخەکەوە.

لە 15ی نیسانی 2023، شەڕی نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەگڵۆ، سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لەهەزار کەس و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش لە ناوخۆ ئاوارەبوون، هەروەها زیاتر لە 300 هەزار کەسیش بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.