وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك هەلی کار رادەگەیەنێت

هەلی کار
هەلی کار

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرفەت بۆ دەرچوانی دانەمەزراو دەڕەخسێنێت و کۆمەڵێک هەلی کار بۆ خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان رادەگەیەنێت.

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لەسەر بڕیار و راسپاردەی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک لە دەرچوانی دانەمەزراو رادەگەیەنن بە شێوەی گرێبەستی نا حکومی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە کار و چالاکی ھاوبەش لەگەڵ وەزارەت ئەنجام دەدەن.

چالاکییەکان لە (خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان و سەنتەرەکانی منداڵان و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی ھەرەشە لێکراو و سەنتەرەکانی ڕاھێنان) دەبێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان.

ئاماژە بەوەشدرا، پاش دیاریکردنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی فۆرم و چاوپێکەوتن بە مەبەستی دامەزراندن، لە کۆبونەوەی  رۆژی 29ـی ئایاری 2023، بە میکانزمێکی گونجاو و روون بڕیاری لەسەردرا تا شایستەرین دیاری بکرێت بەو جۆرەی لە خوارەوە هاتووە.

- پێویستە خوازیار تەمەنی لە 40ساڵ زیاتر نەبێت.

- پێویستە خوازیار دانیشتووی (سەنتەری شاری ھەولێر) بێت.

- پێویستە خوازیار زانیاری ڕاست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە.

- نابێت خوازیار مووچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت.

- ئارەزومەند پێویستە ئەم بەڵگەنامانە و کۆپییەکانیان لە رۆژی سەردانکردنی ئامادە بکات (کارتی نیشتیمانی ، کارتی زانیاری، پشتگیری موختاری گەڕەک،  بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون) .

- پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای (نوسین، خوێندنەوە، قسەکردن) ھەبێت.

- پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت.

- پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندن (سیڤی) بە چەند قۆناغێک دەبێت.

 قۆناغی یەکەم/ دەرگای پێشکەش کردنی داواکاری دامەزراندن راستەوخۆ دەبێت لە نوسینگەی تایبەتی وەزیر بۆ ماوەی یەک ھەفتە پاشان بەڵگەنامەکانی لەگەڵ هاوپێچ بکرێت لەناو فایلێک، لە رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاریـی2023 لە کاتژمێر 8:30 تا 01:00 . لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی ــ شەقامی گشتی شۆرش.

قۆناغی دووەم / لەلایەن لیژنە تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵ بەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.