چین داوایەکی ئەمەریکای رەتکردەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، پەکین رەتیکردەوە ئەو بانگهێشتنامەیە قبووڵ بکات کە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە سەنگافورە لەنێوان وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات، لۆید ئۆستین و لی شانگ فو ئەنجام بدرێت.

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا "بانگهێشتنامەیەکمان ئاراستەی وڵاتی چین کردووە بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەنێوان وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لۆید ئۆستن و وەزیری برگری چین، لی شانگ فو، بەڵام پەکین بانگهێشتنامەکەی رەتکردووەتەوە".

گوتیشی: ئامادەنەبوونی چین بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە سەربازییەکان جێگەی نیگەرانییە، هەروەها پابەندبوونی وەزارەتی بەرگری لاواز ناکات.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری، رەتکردنەوەی ئەو بانگهێشتنامەیەی بە نوێترین رەتکردنەوە ناوبرد، و رایگەیاند، تا ساڵی 2021، چین وەڵامی زیاتر لە 12 داواکاریی وەزارەتەکەی نەداوەتەوە".

ئیدارەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا سزای بەسەر "لی شانگ فو"دا سەپاند بەهۆی کڕینی چەکی رووسییەوە، بەڵام پێنتاگۆن دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم بابەتە رێگری ناکات لە ئۆستن کە بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

بڕیارە ئۆستن لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بچێتە سەنگافورە بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگی شانگریلا کە لوتکەی وەزارەتەکانی بەرگرییە و لە مانگی حوزەیران لەگەڵ وی فێنگ وەزیری پێشووی بەرگری چین کۆبووەوە.

پێشتر لە ساڵی 2022دا، وی و ئۆستن دیدارێکی دیکەیان لە کەمبۆدیا ئەنجامدا، بەڵام ئەمساڵ گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین پەرەی سەند، بەهۆی چەند دۆسیەیەک لەوانە تایوان و ئەمەریکاش چینی تۆمەتبارکرد بە هەڵدانی باڵۆنێکی سیخوڕی بەسەر خاکەکەیدا.