لە پێشبڕکێیەکدا زانکۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی جیهان پلەی دووەمی بەدەستهێنا

پێشبڕکێی تەکنەلۆجیای هواویی جیهانی
پێشبڕکێی تەکنەلۆجیای هواویی جیهانی

K24 – هەولێر

لە پێشبڕکێی تەکنەلۆجیای هواویی جیهانی بۆ ساڵی 2022-2023، ئەکادیمیای ICT هواوی لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

د. ماردین عەبدوڵڵا ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئای تی و ئامار لە زانکۆی سەڵاحەدین بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشبڕکێی تەکنەلۆجیای هواویی جیهانی بۆ ساڵی 2022-2023، لە رۆژی 27 ئایاری 2023 لە شاری ژەنژەن لە وڵاتی چین کۆتایی هێنا بە خولی حەوتەم، وەک ئەکادیمیای ICT هواوی لە زانکۆی سەڵاحەدین، توانیمان لەسەر ئاستی جیهان پلەی دووەم بەدەست بهێنین".

گوتیشی: "لە قۆناغی پێش کۆتایی پێشبڕکێیەکە، زیاتر لە 120 هەزار قوتابی لە زیاتر لە دوو هەزار زانکۆی 74 وڵات و و هەرێم لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداربوون لە تراکەکانی پێشبڕکێیەکە، کە بریتی بوون لە: نێتوۆرک، کلاود، کۆمپیوتینگ، داهێنان، رێی زیرەک و هێزی بەدیجیتاڵکردنی ئەلیکترۆنی، ئەکادیمیای ICT هواوی لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر نوێنەری هەموو عێراق بوو، بەشێوەیەک قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر و زانکۆی مووسڵ و زانکۆی ئەنباری لەخۆ گرتبوو. خوێندکارانی بەشداربوو لە تیمە براوەکەدا بریتی بوون لە موحەممەد زێوەر (زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر)، سەدیم وەمیز (زانکۆی مووسڵ) و موحەممەد یاسر (زانکۆی ئەنبار).

ئاماژەی بەوەشدا: "بەشداریکردن لەو جۆرە پێشبڕکێیانە هاندەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان و بەرەو پێشوەچوونی زانست و تەکنەلۆژیا".

.
.
.
.