سەرۆکی پێشووی سلڤادۆر 14 ساڵ زیندانی دەکرێت

ماوریسیۆ فونیس، سەرۆکی پێشووی سلڤادۆر
ماوریسیۆ فونیس، سەرۆکی پێشووی سلڤادۆر

K24 - هەولێر

ماوریسیۆ فونیس، سەرۆکی پێشووی سلڤادۆر بە تاوانی هاریکارییکردنی چەتەکان، سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی ناوچەکەدا بڵاوکراوەتەوە، دادگا باسی لەوە کردووە، ماوریسیۆ فونیس بەئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی تاوان لە وڵاتدا لەگەڵ چەتەکان رێککەوتووە و لە بەرامبەر ئەوەشدا لە گرتووخانەکاندا چەند ئیمتیازێکی داوە بە سەرکردەی چەتەکان.

لە پاش لێدوانی گەواهیدەر و راپۆرتی شارەزایان و لێدوانی تۆمەتباران، دادگا بڕیارەکەی راگەیاند و ماوریسیۆ فونیس-ی بە 14 ساڵ زیندانی سزا دا.

هەروەها دادگا وەزیری پێشووی ئاسایشی وڵاتەکە، جەنەراڵی خانەنشین دەیڤید مونگویا پاێس-ی لەسەر هەمان دۆسیە بە 18 ساڵ زیندانی سزا دا.

دەیڤید مونگویا پاێس لە کۆتایی دانیشتنی دادگادا دانی بەوەدا نا کە گەندەڵی زۆر هەبووە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەرکردەی چەتەکان، لەناو گرتووخانەکاندا ئاهەنگیان گێڕاوە و لە رووداوی نایاساییەوە تێوەگلاون.

ماوریسیۆ فونیس (64 ساڵ) کە لە ساڵانی نێوان 2009-2014 سەرۆکایەتی وڵاتی کردووە لە ساڵی 2019دا، رەگەزنامەی نیگاراگوای وەرگرت تا رادەستی وڵاتەکەی نەکرێتەوە.

ماوریسیۆ فونیس تۆمەتبار کرابوو بەوەی لەو ساڵانەی وڵاتی بەڕێوەبردووە گەندەڵی کردووە و پارەی سپی کردووەتەوە، لەبەرئەوە لەسەر چوار تاوانی جیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.