127 ژووری نوێی خوێندن لە نێو قوتابخانە حکومییەکاندا دروستدەکرێن

کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

127 ژووری نوێی خوێندن لە نێو ناوەندەکانی خوێندن دروست دەکرێن و وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بە دروستکردنی ئەو ژوورە نوێیانە، ژمارەی ئەو قوتابخانانەی سێ دەوامییان هەیە، بۆ 10 قوتابخانە کەمدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێکخراوی (ئێڵ دی ئێس)ـی ئەمەریکی 127 ژووری نوێی خوێندن لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا دروست دەکات.

بەگوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی ئەو ژوورە نوێیانە بۆ ئەوەیە دوو دەوامی و سێ دەوامی لە نێو زۆرێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا نەمێنێت و جەنجاڵی لە نێو پۆلەکاندا کەمبکرێتەوە.

وەکو ئەوەی ئالان حەمە سەعید ئاماژەی پێ دا، رۆژی پێنجشەممە 1ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی پەروەردە دەست بە دروستکردنی ئەو ژوورە نوێیانە دەکات "بەگوێرەی ئەو شوێنانەی پێویستییان پێیە" و، هەوڵدەدەن پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دروستکردنیان تەواو ببێت.

وەزیری پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، 139 قوتابخانە هەبوون، سێ دەوامیان تێدا هەبوو، بەڵام ساڵ بە ساڵ ئەو ژمارەیان کەمکردووەتەوە و بە دروستکردنی ئەم 127 ژوورە نوێیانە، ژمارەی ئەو قوتابخانانە بۆ 10 قوتابخانە کەمدەکرێتەوە.

لای خۆیەوە مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی روونیکردەوە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، دەزگاکە گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان داوە و ساڵانە بەشداریی کارایان لە چەند چالاکییەکی تایبەت بە بواری پەروەردەدا کردووە و بەردەوامیش دەبن.