کرملین: هێرشەکەی سەر مۆسکۆ وەڵامی هێرشهكانی سەر ناوەندی بڕیاردانی ئۆکرانیا بوو
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی كۆشكی کرملین، رایدهگهیهنێت، ئەو هێرشەی لەڕێگهی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراوەتە سەر مۆسکۆی پایتەخت، لەلایەن ئۆکرانیاوە ئەنجامدراوە.
دیمتری پیسكۆڤ گوتهبێژی كۆشكی كرملین رایگەیاند، زۆر روون و ئاشکرایە کە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە سەرکەوتووەی کردمانە سەر یەکێک لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئۆکرانیا، حکومەتی کیێڤ هێرشهكهی سهر مۆسكۆی ئهنجامداوه.
پێسکۆڤ باسی لەوە کرد، دەربارەی هێرشەکە زانیاری دراوەتە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا و گوتیشی: "ئەمڕۆ زۆر زوو پوتین لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەستی بە کارەکانی کرد، له سەرۆک شارەوانییەکانی مۆسکۆ و ناوچەکە و وەزارەتی دۆخی لەناکاوی رووسیا، پوتن راستەوخۆ زانیاری وەرگرت".
پێسکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکە لەلایەن حکومەتی ئۆکرانیاوە ئەنجامدراوە و رایگەیاند: "زۆر روون و ئاشکرایە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە سەرکەوتووەی کردمانە سەر یەکێک لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئۆکرانیا، حکومەتی کیێڤ ئەم هێرشەی ئەنجامداوە".
گوتەبێژی کرملین، ئهوهشی خستهڕوو، ئەم هێرشە نیشاندەری ئەوەیە کە رووسیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسهر ئۆکرانیا لەسەر حەقە.
بەیانی ئەمڕۆ لەڕێگهی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بەشێک لە باڵهخانهكانی شارەکە زیانیان بەرکەوت.
لهمبارهیهوه میخائیل پۆدۆلیاک راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتی حکومەتی ئۆکرانیا، ئەوەی ئاشکرا کرد، ئۆکرانیا پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر مۆسکۆوە نەبووە.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.