ناتۆ سەرباز ره‌وانه‌ی کۆسۆڤۆ دەكات
K24 – هەولێر:
هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزی پشتیوانیی زیاتری ئاشتیپارێز (KFOR) بۆ کۆسۆڤۆ دەنێرێت، کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گرژییەکان تێیدا زیادیکردووە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرماندەیی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناپۆلی بڵاوکراوەتەوە، بڕیاری ناردنی سەربازی زیادە بەهۆی ئەو رووداوانەی 30 رۆژی رابردوو و برینداربوونی 30 سەربازی KFOR لە رووداوەکان دەرکراوە.
لەم چوارچێوەیەدا جووڵە بە هێزەکانی یەدەگی ئۆپەراسیۆن کرا کە ئامادە کراون لە ماوەی حەوت رۆژدا لە رۆژئاوای بەلقان جێگیربکرێن.
هێزەکانی یەدەگ کە ژمارەیان هێندەی فەوجێک گەورە دەبێت، لە ئیتاڵیا جێگیرکراون و لە دۆخی قەیران یان لە کاتی زیادبوونی هێرشدا لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزی هاوبەشی ناتۆ جووڵەیان پێدەکرێت.
ئەمیرال ستوارد مەنش فەرماندەی فەرماندەیی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناپۆلی، لە راگەیەندراوێکیدا لەسەر ئەو بابەتە ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی هێزی زیادە بۆ کۆسۆڤۆ وەکو رێوشوێنێکی خۆپارێزی بڕیاری لەسەر دراوە، بە مەبەستی هێشتنەوەی ئەو توانایەی کە KFOR بۆ سەپاندنی ئاسایش لە کۆسۆڤۆ دەیەوێت.
مەنش گوتی: "دەبێت سەرجەم لایەنەکان واز لەو چالاکییانە بهێنن کە گورز لە ئاشتیی سەرجەم ناوچەکانی کۆسۆڤۆ دەدات".
ئەوەش خراوەتەڕوو، فەرماندەیی هێزی هاوەبەشی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناپۆلی، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی کۆسۆڤۆ دەکات و بۆ دابینکردنی هێز و توانا لە کاتی پێویستدا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ KFOR.
كێشه‌كه بۆ مانگی نیسانی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك لایه‌نێكی كۆسۆڤۆ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه نێوخۆییه‌كانیان كرد و به‌مهۆیه‌وه ئه‌لبانه‌كان ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ئه‌نجوومه‌نه ناوخۆییه‌كان، كاتێك رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌دا چوار بوو.