کارگەی زۆم بەتوانای بەرهەمهێنانی 20 تۆن شیر لە رۆژێکدا کرایەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شێرەمەنییەکان لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە گوندی ژاژوک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کرایەوە. پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران.

کارگەی زۆم لە ئێستادا 12 بنکەی تەواو کراون و بەرهەم وەردەگرن، هەشت بنکەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان، لە ئایندەش بنکەی دیکە بە گوێرەی پێویستی کارگە زیاد دەکرێن. پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا دروستکراوە، هەروەها قەبارەی بەرهەمهێنان لە کارگەکە 20 تۆنە لە رۆژێکدا، توانای هەیە بگاتە 50 تۆن و هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stain less steel) دروستکراون.

هاوکات لەناو کارگەدا تاقیگەی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی شیر و دڵنیابوون لە کوالێتی ئەو شیرەی کە دەگاتە کارگە و ئەو بەرهەمانەی لە کارگە بەرهەم دێت.

لە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە تێکڕا رۆژانە 80 کەس بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاریان لەو پڕۆژەیەدا کردووە و دەبێتە هۆی رەخساندنی زیاتر لە 300 دەرفەتی کاری دیکەش، هەروەها زیاتر دوو هەزار و 700 خێزانی ناوچەکەش تێیدا سوودمەند دەبن.

بەرهەمەکانی کارگەی زۆم بریتین لە ماستی سروشتی و خۆماڵی زۆم، ماستی سروشتی و خۆماڵی کەم چەوری زۆم، ماستاوی سروشتی و خۆماڵی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆماڵی زۆم، پەنیری سپی سروشتی و خۆمالێ کەم چەوری زۆم و قەیماغی لوولپێچی سروشتی و خۆماڵی زۆم.

ئەم کارگەیە لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.

ئامانجەکانی کارگەی شیرەمەنی زۆم:

1.  دابینکردنی داهاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان و ئاژەڵداران لە رێگەی کڕینی شیری ئاژەڵەکانیان کە کۆدەکرێتەوە لە 20 بنکەی کۆکردنەوە کە لەلایەن کارگەی زۆم دروستکروان.

2. هاندەرێک دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی بەخێوکەرانی ئاژەڵ، بە شێوەیەک کە لە کاتی کارکردنی کارگە بە تەواوی تواناکەی زیاتر لە 27 هەزار هاوبەش لەگەڵماندا سوودمەند دەبن بە فرۆشتنی شیری تازەی مانگاکانیان لە بنکەکان.

3. رەخساندنی هەلی کار: بۆ دابینکردنی بەرهەمێکی تەندروست و سروشتی بۆ هاووڵاتییان، لە ئێستادا کارگەی زۆم بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەلی کاری بۆ 100 هاووڵاتیی ناوچەکە رەخساندووە و ئەم ژمارەیە بەرەو هەڵکشان دەڕوات. سەرەڕای ئەوەی کارگەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 700 ئاژەڵدار رەخساندووە لە ڕێگەی کڕینی شیری مانگەکانیان.

4. بەرهەمەکانی زۆم کاریگەرییەکی باشی دەبێت لە نەچوونی سەرمایەی ناوخۆ بۆ دەرەوە لە رێگەی هاوردەکردن. بەهۆی کۆمپانیان زۆو و کاری هاوشێوە، ئەو سەرمایەیە لە ناوخۆدا مامەڵەی پێدەکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری وڵات.

بۆ ئەوەی خەرجی گواستنەوەی شیر نەکەوێتە سەر ئەستۆی جووتیاران، کارگەی زۆم هەڵساوە بە دروستکردنی 20 بنکەی شیر کە بەپێی سنووری جۆگرافیایی ناوچەکە دانراون. رۆژانە جووتیار و ئاژەڵدارانی ناوچەکە دوای دۆشینی مانگەکانیان، شیری تازە لە ناو دەفری تایبەت دەگەیننە بنکەکان. شیری تازە لە جووتیاران دەکڕدرێت، پشکینینی بۆ دەکرێت و پاشان بەڕێگای تانکەری تایبەت دەنێردرێتە کارگە. دوای دووبارە پشکینینی شیرەکە بەرهەمەکانی لێ دروست دەکرێت و لە رێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەت رەوانەی شار و شارۆچکەکان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژۆکی سەر بە قەزای مێرگەسۆر کردەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کارگەی زۆم لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە، ئەو پڕۆژەیە بە هاوکاری و پاڵپشتی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی ناوچەکە دامەزراوە.