شاخەوان عەبدوڵڵا داوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەکات پارەی پێویست بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە تەرخانبکات

شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر:

شاخەوان عەبدوڵڵا داوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەکات پارەی پێویست بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا تەرخان بکەن.

بە نووسراوێکی فەرمی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کردووە، داوا دەکات بری یەک ترلیون و 200 ملیار دینار بگوازرێتەوە لەو برەی کە بریتی یە لە شەش ترلیون دینار و بڕیاری لەسەر دراوە کە بۆ مناقەلە بەکاربێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا کە لەگەڵ نووسراوەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پاشەکەوتی مووچە تەنیا بە نووسین لەسەر کاغەز ناگەڕێتەوە بەڵکو بەوەدەکرێت کە پارەی بۆ دابینبکرێت و بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بە موزایدە بێت و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانگوت پاشەکەوتی مووچەمان گەڕاندەوە و سوپاسی پەرلەمانتارانی غەیرە کوردیشیان دەکرد، گوایە رەزامەندییان داوە بەگەڕانەوەی بری 10%ـی پاشەکەوتی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت پاشەکەوتی مووچە بگەڕێنێتەوە بەڵکو بەپێی ئەو بودجەی بۆی دانراوە بۆ مووچە تەنیا دەتوانێت مووچەی 10 مانگ دابینبکات و دەبێت بگەڕێت بەدوای ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگەی دیکە چۆن دابینبکات، چونکە تەنیا بڕی نۆ ترلیون دینار دابینکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم پێویستی بە 10 ترلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.

هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا پەیامێک ئاراستەی نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت، "کاتی ئەوەیە دۆستەکانتان کە دوێنێ هاوهەڵوێستییان دەردەبڕی، تاقیانبکەنەوە بۆ پشتگیریکردن لەم نووسراوەی ئێمە و پێیان ئیمزا بکەن و دەنگی لەسەر بدەن". زیاتر نووسیویەتی، "فەرموون ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی و ئەو حزبانەی کە ئەندامیان لە لیژنەکە نییە و موزایەدەیان دەکرد، بتوانن دۆستەکانتان کە رۆژانە سوپاستان دەکردن قەناعەتیان پێ بکەن دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازەی ئێمە بدەن ئەو کات منیش سوپاسیان دەکەم و بەخەمخۆری فەرمانبەرانی هەرێمیان دەزانم".

هاوکات لە نووسراوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکردووە، بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014ـەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربووە لە کۆتایی ساڵی 2015ـەوە پەنا بۆ رێکاری پێویست ببات لەوانەش پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران، بۆیە دوای رەزامەندبوونی ئەندامانی لیژنەی دارایی لەسەر پێشنیازی گەڕانەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی ئایاری 2023)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە بووە لەلایەن بەغداوە، هەرچەندە کابینەی نۆیەم هیچ مووچەی پاشەکەوت نەکردووە و مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکردووە و زیاتر گوتی، ئێمەش دەڵێین دەبێت پاشەکەوتی مووچە بگەڕێتەوە کە ئەمەش قەرزێکە لەسەر حکومەتی عێراق و دەبێت بگەڕێندرێتەوە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە مافەکانی هاووڵاتییان.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون".

رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە".

هاوکات رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان رەزامەند نەبووم، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.