سه‌ردار قادر: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان زیاتر دواده‌خات

K24 – هەولێر:
پسپۆڕێكی ده‌ستووری ئاماژه به‌وه ده‌كات، كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی یاسایی له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵی عێراق دروست ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئێستای له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان له ئارادایه، تێكبدرێت و نه‌مێنێت، بڕیاره‌كه‌یشی سه‌باره‌ت به نایاساییبوون و ناده‌ستووریبوونی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان بۆ ساڵێك، له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه.
سه‌ردار قادر، پسپۆڕی ده‌ستووری تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، په‌رله‌مانی كوردستان به ئاستێك گه‌یشت، كه یه‌كێك له لایه‌نه‌كان كه ڕۆڵێكی كرده‌یی هه‌یه، به هیچ یه‌كێك له بژارده‌كان رازی نه‌بوو، بۆیه په‌رله‌مان به‌و ئاسته نه‌یده‌توانی رۆڵی كارای خۆی بگێڕێت. گوتیشی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كان زیاتر له‌ناو په‌رله‌مان رۆڵی هه‌بوو و ده‌ستڕۆیشتوو بوو، به پله یه‌ك ئه‌مه وایكردبوو، په‌رله‌مانی كوردستان ناكارا بێت.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی ده‌ستووری باسی له‌وه‌كرد، خودی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی چه‌ندین كه‌لێن و چه‌ندین ته‌ڵه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان تێدایه، جه‌ختیشكرده‌وه، ده‌بێت به وردی دیراسه بكرێت و هه‌ڵوێستێكی دروست له‌باره‌یه‌وه نیشان بدرێت. روونیشكرده‌وه، له 6ـی تشرینی دووه‌می 2022ـوه لایه‌نێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه زۆرینه‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو، هه‌وڵی داوه ئه‌و كه‌لێن و بۆشاییانه نه‌مێنێت كه له‌ناو په‌رله‌مان دروست ده‌بوون.
سه‌ردار قادر له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق بێت، ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكریت، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه، ئاخۆ له یاساكه‌ی دادگای ده‌ستووریدا هیچ واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه؟ هیچ كه‌س و لایه‌نێك راسپێردراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكرێت؟ كه ئه‌م دوو پرسیاره دوو كه‌لێنن له‌ناو بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی‌دا هه‌یه.
گوتیشی، هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌دایه له‌گه‌ڵ عێراق، چونكه كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاندووه، كه ئاماده‌نییه، سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 18/11/2023ـی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق له ئارادایه. كه‌واته ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌و به‌رواره‌دا نه‌كرێت، دیسان پرسیار ئه‌وه‌یه، كه‌ی ده‌كرێت؟ گوتی، "به دیدی ئێمه، ده‌بێت رێككه‌وتنێك بكرێت، بۆ نموونه لانیكه‌م هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بدات هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌و واده‌یه نه‌كرێت، ئه‌و كات ده‌كه‌وێته مانگی ئایار یان حوزه‌یرانی ساڵی 2024".
ناوبراو روونیشیكرده‌وه، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی گرفتی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه، به‌ڵام ره‌نگه له ئه‌نجامی كۆتایی ئه‌م بڕیاره، ره‌نگه یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت، هه‌روه‌ها له ناواخنی بڕیاره‌كه وردبینه‌وه، بای ئه‌وه‌ی تێدا هێشتووه‌ته‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بێت، یه‌كێك له‌وانه دادگای فیدڕاڵی مافی به خۆی داوه بڕیار و هه‌ڵوێست له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه فیدڕاڵیش نه‌بێت، یانی دادگای فیدڕاڵی ئه‌و كاته‌ی یه‌كێك له پره‌نسیپه‌كانی فیدڕاڵی له هه‌رێمی كوردستان پێشێل بكرێت، ئه‌و ده‌توانێت قسه‌ی تێدا بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر له‌و دادگایه وردبینه‌وه، روون ده‌بێته‌وه ده‌ستوه‌ردان له چه‌ندین كاروباردا ده‌كات، كه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 30ـی ئایاری 2023) له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ركراون، به بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره 11ـی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراوی ساڵی 2005، له ده‌ستووری عێراق، ته‌مه‌نی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی كوردستان نابێت له 4 ساڵ زیاتر بێت و له یه‌كه‌م دانیشتنی ساڵی یه‌كه‌می هه‌ر خولێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات، تا دوایین دانیشتنی ساڵی چواره‌می ته‌مه‌نی، بۆیه درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵی پێنجه‌م ناده‌ستوورییه و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ش كه دوای ته‌واوبوونی ته‌مه‌نی یاسادانان لێیه‌وه ده‌ركراون، به پووچه‌ڵكراو داده‌نرێن.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، هه‌رچه‌ند په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی داوه، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له مانگی 11ی ئه‌مساڵ، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك لایه‌نی كوردستان هه‌ن، نایانه‌وێت پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت.
لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.
پێشتر چوار جار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر پرسی ده‌ستووریی بوونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، دانیشتنه‌كانی دواخستووە.