هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق بەردەوام هەوڵدەدەن قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا هیچ ساڵێک نییە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا دژی نەبوونی خزمەتگووزارییە سەرەتاییەکان بەڕێوەنەچێت، کەچی دەستێک لە بەغدا و دەستێک لە ناوخۆی هەرێم، لە هەوڵدان دەسەڵاتی دەستووری هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە و خەڵكەکەی بخەنەوە سەر دامەزراوەکانی عێراق.

ئەگەرچی ئێستا دیدگای حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، بەڵام لە بەغدا هێشتا لایەن هەن خەریکی دروستکردنی بەربەستن.

لە ڤیدیۆیەکەدا دیمەنی خۆپیشاندانی عێراقییەکانە لە ساڵی 2015، ساڵی 2016، 2017، 2018، 2019، 2020 و 2022 دەردەکەوێت. لە خۆپیشاندانی ساڵی 2022 خۆپیشاندەران تەواو دەستیان بەسەر پەرلەمانی عێراقدا گرت.

بێزاری خۆپیشاندەرانی عێراق لەدەست نەبوونی خزمەتگووزارییە سەرەتاییەکان، گەیشتە ئاستێک تەنانەت داوایان لە سیاسییەکانی عێراق کرد، وڵات بەجێبێڵن  و بڕۆن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا لە بەغدا و لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، هەوڵێک هەیە، هەرێمی کوردستان بە تەواوی بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەکانی عێراق و وەك پارێزگایەكی لێ بێت.

نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، باشتر ئەو بابەتە شرۆڤە دەکات و دەڵێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستوورییە، بەڵام بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵدەدرێت دەسەڵاتەکانی کەمبکرێنەوە و، وەکو خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردیش دەستیان لەو بابەتەدا هەیە.  

دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، زیادکردنی بڕگەكانی 13 و 14 بۆ پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق، بە سنووردارکردن و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانی قەوارەکە لێكدایەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان، پرۆژە یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا، نەک شاییستە داراییەکان لەخۆ ناگرێت، تەنانەت لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستانیش.