ئەمەریکا پاکێجێکی دیکەی سزا بەسەر هەناردەی تەکنەلۆجیای درۆنی ئێرانی دەسەپێنێت

درۆنی ئێرانی
درۆنی ئێرانی

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن سزای زیاتر بەسەر هەناردەی ئەو کەرەستە و تەکنەلۆجیایانە دەسەپێنێت، کە لە دروستکردنی درۆنی ئێرانی بەکاردەهێنرێن، بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتنی درۆن بە دەستی رووسیا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لە ساڵی رابردووەوە هەموو هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیاییدان لەوەی داگیرکاری رووسیا لە ئۆکرانیا لەڕووی ستراتیژییەوە شکست دەهێنێت.

رووسیا چەند رۆژی رابردوو بە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی جۆری شاهید-136 لە چەند هێرشێکدا کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کردە ئامانج، ئۆکرانیاش دەڵێ، تاران زیاتر لە هەزار درۆنی رەوانەی مۆسکۆ کردوون.