"ئەمەریکا لەڕێگەی عومانەوە هەوڵی دانوستان لەگەڵ ئێران دەدات"

K24 - هەولێر

برێت مەکگۆرک، راوێژکاری باڵای جۆو بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەتای ئەم مانگە گەشتێکی نیمچە نهێنیی بۆ عومان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی عومان سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران.

ماڵپەڕی"ئەکسیوس" رایگەیاند، پێنج بەرپرسی ئەمەریکی، ئیسرائیل و ئەوروپی، کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، باسیان لەوەکردووە، ئەو پرسە سەرەکییەی کە باسی لێوە دەکرێت پاڵنانی دیپلۆماسی نوێ بووە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە نێوەندگیری عومان.

بە گوتەی سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە "ئاکسیۆس"یان راگەیاندووە، کۆشکی سپی لە رێگەی حکومەتی عومانەوە لێکۆڵینەوە دەکات کە ئایا ئێرانییەکان کراوەن بۆ گرتنەبەری هەنگاوێک کە هەندێک سنوور بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەیان دابنێن و دۆخی ناوچەکە هێور بکەنەوە و لە بەرامبەریشدا چییان دەوێت.

ماڵپەڕەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی پلە باڵای ئەوروپییەوە بڵاویکردووەتەوە "ئەمەریکا لەگەڵ عومانییەکان کار لەسەر پرسی ئێران دەکات"، بەڵام گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئەو هەواڵانە رەتکردەوە.

رۆژی دووشەممە، سوڵتانی عومان، هەیسەم بن تاریق ئال سەعید لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە تاران کۆبووەوە، بەڵام ئەو دوو لایەنە هیچ شتێکیان دەربارەی بابەتەکە نەدرکاند.

ئەمەریکا لە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و دووبارە سزای توندی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، دواتر لایەنەکانی رێککەوتنەکە بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە مانگی نیسانی 2021، دەستیان بە دانوستانەکان کردەوە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە، بەڵام لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دووبارە دانوستانەکان وەستانەوە.