موسەننا ئەمین: هەندێ پەرلەمانتار لەسەر بنەمای دژایەتى هەرێمى کوردستان دەنگ کۆدەکەنەوە

"رێزنەگرتن لەو رێککەوتنەی حکومەتی پێکهێناوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق"
موسەننا ئەمین
موسەننا ئەمین

K24 - هەولێر:

حکومەتى ئێستاى عێراق لە ئەنجامى ڕێکەوتنى لایەنە سیاسیەکان پێک هاتووە بۆیە هەر دۆخێکى ناهەموار دروست بکرێ ئەوا رەنگدانەوەى خراپى لێدەکەوێتەوە پەرلەمانتارێکى کوردیش پێى وایە ئەگەر ڕێز لە رێکەوتنەکان نەگیرێ دەبێتە سەرەتایەک بۆئەوەی عێراق بکەوێتەوە ناو قەیران و ناسەقامگیری سیاسییەوە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق چەندین رێککەوتنی جۆراوجۆریان هەیە کە گرنگترینیان رێکەوتنى پێکهێنانى کابینەکەى محمد شیاع سوودانیە تا دەگاتە رێککەوتن لەسەر نەوتى هەرێمى کوردستان و یاساى بودجە، بەڵام وەک هەمیشە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى گرفت بۆ ڕێکەوتنەکان دروست بکرێ بۆیە ئەگەر رێز لەو رێکەوتنە نەگیرێ، بەردەوام بوونی سەقامگیرییە رێژەییەکەی ئێستای عێراق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە .

موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەى کە ئەم حکومەتەى پێکهێناوە ئەگەر رێزى لێ نەگیرێت دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵوەشانەوەى ئەم حکومەتە، قەناعەتم وانییە بەو دۆخە سیاسیىەی کە ئێستا هەیە بگاتە ئەو قۆناغە، کێشەکانیش لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەندە قوڵ نین، ئەو بەشە بودجەیەى دانراوە بۆ هەرێم زۆرباشە. ه

گوتیشی: هەندێ پەرلەمانتار هەن لەسەر بنەمای دژایەتى هەرێمى کوردستان دەنگ کۆدەکەنەوە بە حەق و ناحەق ڕق هەڵدەڕێژن بەرامبەر هەرێم لێرەوە دەیانەوێ ئاوا خۆشەویستى خۆیان بۆ ناوچەکانى دیکەى عێراق و دەنگدەرەکانیان دەبرن کە ئەوە هەڵەیە .

لە کۆى 144مادەى دەستورى عێراق 23مادەى بە ئاشکرا مافەکانى کوردى دەست نیشان کردووە ڕێکەوتنى هەرێم و بەغداش لەسەر بنەماى دەستوور کراوە بۆیە ئەرکى هەردوو لایە پابەندى دەستور بن ئەگەر ئەوەش نەکرێت ئاکامى باش چاوەڕێی عيراق ناكات .

رێبوار محەمەد، پسپۆڕى دەستوور لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کشانەوەى هێزەکان لە حکومەت بۆخۆى کێشە بۆ دەوڵەتى عێراق دروست دەکات، لەوکاتەدا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردن یان لە رێگەرى پەرلەمانەوە حکومەتى تازە دروست بکرێ تا حکومەتى تازەش دروست دەکرێت کێشە بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دروست دەبێت.

ئەو پسپۆڕە پێی وایە، واباشترە هەموو رێککەوتنەکان ببرێنە چوارچێوەى دەستوور بۆ ئەوەى لە رێگەى دادگاى فیدراڵى و پەرلەمانەوە کێشەکان چارەسەر بکەین .

ساڵانێکە لە بەغدا بووەتە نەریت کە لە رێگاى سزادانى خەڵکى کوردستانەوە بەشێک لە لایەنەکانى عێراق سۆزى شەقامى عێراقى بۆ خۆیان رادەکێشن، بەڵام دۆخى ئەمجارە تەواو جیاوازە چونکە پێش هەموو شتێک بە پێى یاسا و دەستوور حکومەتى هەرێم رێکەوتنى کردووە و بیانوى بەغداى نەهێشتووە بۆ ئەوەى مافەکانى نەدات بۆیە هەر پابەند نەبونێک بە رێکەوتنەکان پێچەوانەى دەستورە جێبەجێنەکردنى دەستوریش تەنیا زیان لە هەریم نادات بەڵکو ناهێلێت باقى عێراقیش بحەسێتەوە.