به‌هۆی خولی سعوودیه‌ كێشه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێو خانه‌واده‌ی مێسی

لیۆنێل مێسی و فه‌هد بن نافڵ
لیۆنێل مێسی و فه‌هد بن نافڵ

خانەوادەکەی مێسی بونەتە دووبەش و بەشێکیان ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا دەکەن و بەشێک ئارەزوی ئەوە دەکەن لیۆ بە ئۆفەرەکەی یانەی هیلال رازی بێت، به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی ئارجێنتینا له‌سه‌ر چاره‌نووسی مێسی كێشه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێو ماڵباتی مێسی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بارسێلۆناش دەیەوێت بە هاوکاری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکا ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.

جارێکی دیکە لە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان نزیک دەبینەوە و هاوشێوەی دوو وەرز لەمەوبەر لیۆنێل مێسی بازاڕەکەی گەرم و گوڕتر کردووە و هەموو جیهان چاودێری بارودۆخی ئەو یاریزانە دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن کام یانە بۆ وەرزی داهاتوو هەڵدەبژێرێت.

لیۆ چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بەڵام ماوەیەکی زۆری لە بەردەمە بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆی، چونکە بازاڕەکە تاوەکو سەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵ کراوە دەبێت، هەرچەندە دەبێت لیۆش زوو خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو یانەیەی دەیگوازێتەوە، بتوانێت لەگەڵ پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو بگونجێنێت.

یانەی هیلالی سعوودی ئامادەیە بە پارەیەکی خەیاڵی مێسی بباتە ریزەکانی، بگرە بەرپرسە باڵاکانی ئەم وڵاتەش هاتونەتە ناو هاوکێشەکە و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت پاڵەوانەکەی مۆندیالی رابردوو رازی بکەن پەیوەندی بە خولی وڵاتەکەیانەوە بکات.

لێرەدا خانەوادەکەی مێسی بونەتە دوو بەرە، خێزانەکەی ئارەزووی گەڕانەوەی لیۆ بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا دەکات، چونکە پێیوایە ژیان لە ئیسپانیا و هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ خۆی و منداڵەکانی گونجاوترە، بەڵام باوک و براکانی مێسی بەهۆی ئۆفەرە خەیاڵیەکەی یانەی هیلال، داوا لە براکەی دەکەن بچێتە سعوودیە و واز لە بارسێلۆنا بێنێت.

بارسێلۆنا نایەوێت واز لە گۆڵکارە مێژووییەکەی بێنێت، بەڵام گەورەترین بەربەستی بەردەمیان یاسای دارایی خاوێنی لالیگایە کە رێگە نادات یانەکان بە ئارەزووی خۆیان پارە و مووچەی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی یاریزانان خەرج بکەن، هەر ئەو هۆکارەی کە مێسی ناچار کرد دوو وەرز لەمەوبەر یانە کەتەلۆنیەکە جێبێڵێت.

بەرپرسانی بارسا بە هاوکاری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکا کە دەیڤید بێکهام یاریزانی پێشووی ریال مەدرید سەرۆکایەتی دەکات، پلانێکی گونجاویان دانەوە بۆ ئەوەی لیۆ بگەڕێتەوە یانەکەی پێشووی و یاسای دارایی خاوێنی لالیگاش هیچ کاریگەری لەسەر نەکات.

پلانەکەش ئەوەیە مێسی بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ئینتەر میامی بکات، دواتر بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی شەش تاوەکو 18 مانگ پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە بکات، ئەو کاتەش هەردوو یانە بە هاوبەشی مووچەی ئەو یاریزانە بدەن، دەنگۆیەکیش هەیە بارسا ئەو کات تەنها 13 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا وەکو مووچە پێشکەشی گۆڵکارە مێژووییەکەی دەکات.