د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی کرد

د. بێوار خنسی
د. بێوار خنسی

K24 – هەولێر:

د. بێوار خنسی، شارەزای جیۆلۆجی و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی ئایاری 2023)، د. بێوار خنسی، شارەزای جیۆلۆجی و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد، کە یەکێک بوو لە شارەزا و توێژەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی نەوت و جیۆلۆجی.

لە گوندی خنس کە دەکەوێتە نێوان قەزای شێخان و ناحیەی قەسرۆک لە سنووری پارێزگای دهۆک لەدایکبووە.

خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە قەزای شێخان تەواوکردووە و دواتر لە پسپۆری جیۆلۆجیدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1993ـش بڕوانامەی دکتۆرا لە یەکێک لە زانکۆکانی رووسیا لە بوارەکەی خۆیدا بەدەستدەهێنێت.

لە ساڵی 2006 بووەتە راوێژکاری کۆمەڵەی ئاوی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر هەروەها کاری راوێژکاری بۆ کۆمپانیا و نووسینگەکانی جیۆلۆجی کردووە لە کوردستان و عێراق.

خاونی چەندین کتێب و گوتار و توێژینەوەیە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی  و ئینگلیزی لەبوارەکانی نەوت، ئاو، ژینگە و کانزاکان.