سەڵاحەددین دەمیرتاش: لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەت دێنم

سەڵاحەددین دەمیرتاش - ئەرشیف
سەڵاحەددین دەمیرتاش - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

سەڵاحەددین دەمیرتاش لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند داوای لێبوردن دەکات لەوەی نەیانتوانیوە سیاسەتێک دابڕێژن کە شایەنی گەلەکەیان بێت و لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەت دەهێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی ئایاری 2023)، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە زیندانە لە تویتێکدا رایگەیاند، لە زیندانەوە بەشداری لە خەباتی خۆی دەکات و لەم قۆناغەدا واز لە سیاسەت دێنێت.

دوای ئەوەی لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، هەدەپە و دەمیرتاش پشتیوانی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد و لەبەرامبەر ئەردۆغاندا شکستی هێنا، لە پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی پیشووتری هەدەپە دانبەوەدادەنێت، نەیانتوانیوە سیاسەتێک دابڕێژن کە شایەنی گەلەکەیان بێت و بۆیە بەناوی خۆیەوە داوای لێبوردن دەکات.

هاوکات دەمیرتاش باسی لەوەشکردووە، سوپاسی سەرجەم ئەو رەخنە بنیاتنەرانە دەکات کە ئاراستەی کراون.

بڕیارەکەی دەمیرتاش لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتاری سەرکەوتنیدا رایگەیاندبوو کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەی دیکەی هەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.

رۆژی یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، میدیا تورکییەکان بڵاویانکردەوە کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84%.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار رێژەی 52.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت رێژەی 47.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لەبارەی ژمارەی دەنگەکانیش، لە گەڕی دووەمدا، ئەردۆغان تا رێژەی جیاکردنەوەی 99.9%ـی دەنگەکان، 27 ملیۆن و 725 هەزار و 131 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها کڵچدارئۆغڵو، 25 ملیۆن و 432 هەزار و 951 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.