سەرۆکی پێشووتری بەرازیل بەتۆمەتی گەندەڵی سزای زیندانی هەشت ساڵی بەسەردا سەپێنرا

فێرناندۆ کۆلۆر
فێرناندۆ کۆلۆر

K24 - هەولێر

دادگای باڵای بەرازیل سزای هەشت ساڵ و 10 مانگ زیندانی بەسەر فێرناندۆ کۆلۆر، سەرۆکی پێشووتری بەرازیل سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و سپیکردنەوەی پارە سزا درا.

هەشت دادوەری دادگاکە دەنگیان بە سزادانی سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە دا بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە.

رۆژی چوارشەممە،31ی ئایاری 2023، دادوەر ئێدسۆن فاشین، لە دادگای باڵا سزاکەی دژی تۆمەتبارەکە دەرکرد، بە زیندانی کردنی هەشت ساڵ و 10 مانگ.

دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەربازی لەساڵی1985، کۆلۆری تەمەن 73 ساڵ، یەکەم سەرۆکی بەرازیل بووە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بە مافی دەنگدانی گشتگیر راستەوخۆ هەڵبژێردراوە، کە لە ساڵی 1990 تاوەکو 1992 سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە.

کۆلۆر تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل بە بڕی 20 ملیۆن ریال کە دەکاتە نزیکەی 3.8 ملیۆن یۆرۆ، لەوکاتەی سیناتۆر بووە، لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2014.

دادوەر فاشین گوتی کۆلۆر "دەسەڵاتی سیاسی خۆی بۆ ئاسانکاری بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکان" بەکارهێناوە.