ئەڤین پورەزەری: عەشقێکی گەورە من و ھونەر کۆدەکاتەوە

"کۆمێدیا دەتوانێت چمکی رەشبینی لە دڵی ھەموواندا بسڕێتەوە"

K24 - هەولێر

ئەگەرچی لە تەمەنی ھونەری خۆی دا ھێندە گەورە نیە، بەڵام کار و بەرھەمەکانی لەم چەند ساڵەی رابردوودا بووەتە جێی سەرنجی بینەران، چونکە ئەو پەروەردەی شارەکەی (ھێمن و ھەژار)ـی موکریانییە و لە مەھاباد چاوی بۆ دنیا ھەڵھێناوە، ئێستایش لە هەرێمی کوردستانە، ئەڤین عەبدوڵڵا، بە بەرھەمەکانی توانیوویەتی دڵی جەماوەر بە لای خۆی دا ڕابکێشێت.

لە ماوەی ئەو ساڵانەی لە ھەولێر سەرگەرمی کاری نواندن بووە، زۆرترین بەرھەمی کۆمێدیا و تەنز ئامێزی پێشکەش کردووە، بەڵام وەک خۆی لەم دیمانەدا ئاشکرای دەکات، حەزەکانی بەوە دانامرکێنەوە، کە پێشکەشی کردوون، بەڵکو دەیەوێت لە رێی کۆمێدیاوە خۆی بخزێنێتە نێو سینەما و ھونەری حەوتەم تاقیبکاتەوە، لەوێشدا چیرۆک و ئازارە و تراژیدیاکانی کورد بە گەلانی دنیا ئاشنا بکات.

• بۆچی کۆمێدیا بوو بە ناونیشانی تۆ؟

دنیای کۆمێدیا تا بڵێی دنیایەکی جوانە و ھەموو تەمەنێک حەز بە پەیامە کۆمێدییەکان دەکات، بەڵام من ئەو بوارەم ھەڵنەبژاردووە، بەڵکو بەڕێکەوت ھاتمە نێو کۆمێدیا، چونکە حەز و ئارەزووەکانی من زیاتر بۆ سینەما بوون، چونکە لە ھونەری حەوتەمدا شانۆ و ھێلکاری و گشت رەنگ و دەنگەکانی خۆیان دەبیننەوە، بەڵام ئەوانەی من کارم لەگەڵدا کردوون لەو چەند ساڵەی ڕابردوو زیاتر حەزیان بەوە کردووە، لە بەرھەمە کۆمێدیاکاندا ھاوکاربم لەگەڵیاندا.

• کەسێک ھەیە ھاوکار و پشتیوانی بەرھەمەکانت بێت و بە مامۆستای خۆتی بزانیت؟

بێگومان، ھونەرمەند (عەلی عەبدولباقی)، مامۆستا و پاڵپشت و پشتیوانی سەرەکی سەرکەوتنەکانی منە لە بواری نواندن دا ھەمیشەش خۆی بۆ ئەوە ماندوو دەکات،ھاوکات لە نێو سینەمادا (پشتیوان عەبدوڵڵا) وەک رەخنەگر و سەرۆکی فێستیڤاڵی تیرۆر و چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەمایی ھاوکارو پشتیوانی سەرسەختمە و دەیەوێت من وەک ئەستێرەیەک لە نێو سینەمادا بدرەوشێمەوە، بەردەوامیش ئەو دوو کەسە لە چاوەڕوانی ئەوەدان من دواڕۆژێکی پڕشنگدارم ھەبێت لە نێو کۆڕی ھونەری کوردی دا.

• یەکەم دەسپێکی کاری ھونەری ئێوە لە باشوور بۆ کەی دەگەڕێنیتەوە؟

کاتێک ھاتمە باشووری کوردستان، بە عەشقەوە دەمڕوانیە کاری ھونەری و دەمویست خۆم لەو بوارەدا تاقی بکەمەوە، چونکە متمانەی زۆرم بەخۆم ھەبوو، کە بتوانم لە نواندندا سەرکەوتوو دەبم، بەڵام لە یەکەم ھەنگاومدا بەشداریم لە کلیپێکی گۆرانی دا کرد، لە دوای ئەو کلیپەشدا لە کەناڵی ڕەنگ ھونەرمەندی بە ئەزموون (عەلی عەبدولباقی) بانگھێشتی کردم بۆ کارێکی نواندن، کە ئەویش پڕۆگرامی ھەفتانەی (کەنین شۆ) بوو، کە دەرھێنانی بارزان سنجاوی بوو، پاشان بەشداری چەند بەرھەمێکی دیکەی ھونەریم کرد، نەک تەنیا بە زمانی کوردی، بەڵکو بە زمانی تورکیش لە چەند ئەڵقەیەک بەشداربووم، کە لە کەناڵەکانی تورکمان و کەرکووک پەخش کران، جگە لە چەند بەرھەمێکی دیکە کە لە کەناڵە نێوخۆییەکاندا نیشاندران.

•  چی تۆ و حاجی جادری بەیەکەوە بەستاوەتەوە؟

پێوەندییەکی سۆزداری نییە، بەڵکو عەشقێکە بۆ کاری ھونەری و زۆربەی بەرھەمەکانیشی منی دەستنیشان کردووە، دیارە ئەویش ڕۆڵەکانی منی بەلاوە جوانە و دەتوانێت سوود لە تواناکانم وەرگرێت، من سوپاسی رەوشتی جوان و ئەو بایەخدانەی (جادر) دەکەم، کە لە ماوەی رابردوودا چەندین بەرھەمی کۆمێدیمان پێکەوە نیشانی بینەردا، کە بوو بە جێی سەرنجی خەڵکی ھونەردۆستی کوردستان و لەو رێگەشەوە توانیم خۆشەویستیەکی زۆر لە نێو ئەو جەماوەرە ھونەردۆستە کۆبکەمەوە.

• پەیامی تۆ لە بارەی کۆمێدیاوە چیە؟

مەبەستی سەرەکی من لەو پڕۆگرامە کۆمێدیانە، سڕینەوەی رەشبینیەوە و دەمەوێت بە کاری ھونەری خەڵکی ماندووی کوردستان، پشووەک وەرگرن و چێژ لە ھونەری کۆمێدیا وەرگرن، کە چەندین پەیامی گەورەی پێیە و دەتوانێت دڵی ھەمووان بەدەست بێنێت.

• ئێستا بەچیەوە خەریکی؟

لەگەڵ ستافێکی ھونەری و بە ستایلێکی جیاواز و مۆدێرن، سەرگەرمی تۆمارکردنی چەند ئەڵقەیەکی تەنزئامێزم، کە دڵنیام لە ئاست خۆشەویستی خەڵکی کوردستان دەبێت، بەڵام نامەوێت ئێستا ناوی ئەو بەرھەمە بدرکێنم.

 • ھونەر چی بە ژیانی تۆ بەخشیووە؟

خۆشەویستی و عەشقێکی گەورە، ھاوکات ئارامبوونەوەی ناخی خۆم لە کارە ھونەرییەکاندا دەبینمەوە، ھەندێکجاریش ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەوەیە، کە وەک پێویست رێز لە ھونەر و بەخششی ھونەرمەندانی کوردستان ناگیرێت!.

• چی بەوانە دەڵێیت کە توانجت لێدەدەن؟

ناتوانم رقم لە کەس ببێتەوە و گەردەنیان ئازابێت، بەڵام خۆزگە ئەوانەی خۆیان بە توانج لێدان لە من سەرقاڵ دەکەن، ھەوڵیاندا بوایە، لە رێی بەرھەمەکانمەوە ھەڵسەنگاندم بۆ بکات.

• لە کارە ھونەرییەکانی خۆت رازیت؟

زۆریش، چونکە بە عەشقەوە کار بۆ بەرھەمەکانی خۆم دەکەم.

• خۆت بە ھونەرمەندێکی سەرکەوتوو دەزانیت؟

ئەو بڕیارە لای جەماوەرە، ئایا تا چەند رێز لە کارەکانی ھونەرییەکانی من دەگرێت و بە لایەوە جوانە.

• ئەگەر داوایان لێکردی بۆ بەرھەمێکی وروژێنەر تۆ وەڵامت چی دەبێت؟

بەدڵنیاییەوە رەتیدەکەمەوە، چونکە من کارێک ناکەم لەگەڵ دابونەریتی کوردی نەگونجێت و کار بکاتە سەر کەسایەتی خۆم، ڕەنگە لە وڵاتان کارێکی ئاسایی بێت، بەڵام لێرە ئێمە نەگەیشتووین بەوەی کە لە ھەموو کارێکی جیاوازدا بەشداربین و لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی دا خۆی نەگونجێنێت.

• چی بە کوڕەکانت دەڵێت و ئێستا بیریان ناکەیت؟

پویا و ڕەزا، ژیانی منیان داگیرکردووە و تەنیا بۆ چاوەکانی ئەوانیش دەژیم، دووری ئەوانیش ھەمیشە ئازاری رۆحم دەدەن.

• ئەو وشانە چۆن پێناس دەکەیت؟

ھەولێر، سەنتەری جوانیە، کوردستان، وڵاتی بێ ئاڵاکانە. مھاباد، لانکەی کەڵە شاعیر و ئەدیبانە. جادر، ھونەرمەندێکە بۆ کۆمێدیا خوڵقاوە. عەلی عەبدولباقی، مامۆستامە و خۆم بە قوتابی ئەو دەزانم.

• ژیان لە دووری ئازیزانت بە سەخت نابینیت؟

تەنیایی چووەتە ناخمەوە.

• عەشقی کێی؟

لە دنیادا تاکە شت پێی عاشق ببووم، سینەمایە، کە دەتوانێت باگکراوندی ژیان و کلتووری نەتەوەکەم و گەلانی جیھان بە ئاشنا بکات.

• خەونەکانی تۆ چین لە نێو ھونەردا؟

دەوڵەمەندی نەبووەتە شتێک بۆ من، بەڵکو خەونی من گەیشتە بەوەی ژیان فرسەتم بدات وەک ئەستێرەیەکی سینەمایی لە جیھان بانگھێشتی سەر فەرشی سوور بکرێم.

• لە سینەمای کوردی دا بە کێ سەرسامی؟

بەھمەنی قوبادی، مامۆستا ناسر حەسەن، شوان عەتوف، خەونیشمە رۆژگار دەرفەتم بدات، لە پاڵ ئەو ھونەرمەندە گەورانە رۆڵێک بەرجەستە بکەم.

• چ پڕۆژەیەکی ھونەری ھەیە نەتوانیووە بە ئەنجامی بگەیەنیت؟

دەمێکە ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەم، کە ژیان ئەو دەرفەتم بۆ بڕەخسێنێت، فیلمێک نیشانی بینەر بدەم، کە ڕاستی و دروستی ژیانی ئێرەی لەخۆوە گرتبێت، بە ھەموو دنیا بڵێم، ئێمە نەتەوەیەکین عاشقین بە ھونەر و کلتووری خۆمان.

• ھونەر بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی تۆ؟

تا رادەیەک، بەڵام نەیتوانیووە، ھەم حەز و ئاواتەکانی من بەجێ بگەیەنێت، بۆیە ئێستا سەرقاڵی کارێکی جیاوازم و کافتریایەکی تایبەتم داناوە تا بتوانم بژێوی ژیان بۆ خۆم و منداڵەکانم دابین بکەم.

.
.