وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و ئێران کۆبوونەوە

خەلیفە شاهین ئەلمەرار و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان
خەلیفە شاهین ئەلمەرار و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان

K24 - هەولێر

خەلیفە شاهین ئەلمەرار، وەزیری دەوڵەت لە ئیمارات و نوێنەری وەزیری دەرەوە، سەردانێکی فەرمی بۆ تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامدا و لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام) بڵاویکردووەتەوە، خەلیفە شاهین ئەلمەرار لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە تاران کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی هاوکاری لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پشتیوانی لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا تاوتوێکران.

لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە زاری عەبدوڵڵاهیانەوە رایگەیاندووە، سیاسەتی دراوسێیەتی حکومەتی ئێران پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دراوسێکان، ئاماژە بەوەشکرد، کە ئیمارات هاوبەشێکی بازرگانی جێی متمانەیە، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی پێدەدرێت لە سەر ئاستی گشتی و تایبەتی.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئیمارات دووپاتی کردەوە کە پابەندە بە گفتوگۆی ئاشتیانە و رێگەی دیپلۆماسی وەک دوو ئامراز بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکان کە نوێنەرایەتیان لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا هەیە.

رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی بەردەواممان بۆ هاوکاری ئەمنی کاریگەر لەگەڵ هەموو هاوبەشەکان، وڵاتی ئیمارات دوو مانگ لەمەوبەر لە بەشداریکردن لە هێزی دەریایی یەکگرتوو کشایەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتدا هاتووە، کە ئەو وڵاتە بەردەوامە لە پابەندبوون لە سەلامەتی گەشتی کەشتیوانی لە دەریاکانیدا بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشوو، هێزی دەریایی یەکگرتوو لە 34 وڵات پێکهاتووە و بارەگاکەی لە بنکەی دەریایی ئەمەریکایە لە بەحرەین، هەروەها کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەتەی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداو دەکات.