ئەمەریکا... وەزیرێکی ئیسرائیل لە ترسی خۆپیشاندەران وتارەکەی ناخوێنێتەوە

خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل لە لۆس ئەنجلۆس
خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل لە لۆس ئەنجلۆس

K24 - هەولێر

ئۆفیر ئاکونیس، وەزیری زانست و تەکنەلۆجیای ئیسرائیل، ناچار بوو ئەو وتارەی دەیویست لە لۆس ئەنجلۆس پێشکەشی بکات هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زانی بە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی کە لەو شارەی ئەمەریکا ئامادەبوون، بەرەو ئەو شوێنە دەچوون بۆ ئەوەی خۆپیشاندان بکەن.

پاشان دوای دوو کاتژمێر چاوەڕوانی، کونسوڵی ئیسرائیل لە کالیفۆرنیا، هلێل نیومان، رایگەیاند، کە وەزیری زانست و تەکنەلۆجیا ئامادە نابێت، هەروەها بەشداریکردنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە حەزی لە پێکدادانی ئیسرائیلییەکان نییە لەسەر خاکی بیانی.

لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانی کالیفۆرنیاوە دامەزرێندراوە، رایگەیاند، "ئاکونیس کاتێک لە رووبەڕووبوونەوەکە خۆی رزگار کردووە کارێکی باشی کرد، چونکە دەزانێت نوێنەرایەتی حکومەتێکی شکستخواردوو دەکات کە هێرش دەکاتە سەر دیموکراسی".

ئاکونیس لەگەڵ حەوت وەزیر و جێگری هاوپەیمانی حکومەت چووەتە ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە دوو رێپێوانی پشتیوانی کردن لە ئیسرائیل، کە لەم مانگەدا لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا تا ئێستا خۆیان لە چاوپێکەوتنی هیچ کام لەو وەزیر و جێگرانە کە شەریکی هاوپەیمانی حکومەتن بە هۆی ئەم پلانە حکومەتەوە کە ئەمریکییە لیبراڵەکان بە پاشەکشەکردن لە دیموکراسی و پەلەکردن بەرەو دیکتاتۆری دەزانن خۆیان بەدوور گرتووە.

 ئیدارەی واشنتن داوای لێکتێگەیشتن لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی ئیسرائیل دەکات، هەروەها گفتوگۆکان وەستابوون لەنێوان ئەو دوولایەنە، لەلایەکی دیکەوە ئۆپۆزسیۆن حکومەت بە فێڵکردن تۆمەتبار دەکات و دەڵێ بۆ تێکدانی دیموکراسی لە هەڵوێستەکانی خۆی پاشەکشەناکات. حکومەتیش ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ لەباربردنی گفتوگۆکان.

لای خۆشیانەوە سەرکردەکانی مەیدانی ناڕەزایەتی بڕیاریاندا بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکان بەبێ گوێدانە ئەوەی لە دیالۆگی نێوانیاندا هەیە، چونکە دڵنیابوون لەوەی کە شکست دەهێنن.

 دەڵێن هیچ زەمینەیەکی ناوەند لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریدا نییە. تاکە چارەسەر ئەوەیە کە پلانی حکومەت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و پەنا بۆ دیالۆگ ببات بۆ داڕشتنی دەستورێک بۆ ئیسرائیل کە گەرەنتی ئەوە بکات هیچ حکومەتێک نەوێرێت دیموکراسی بڕوخێنێت. خۆپیشاندەران هەموو ئێوارەیەکی شەممە بەردەوامن لە خۆپیشاندانە گەورەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە پڕۆژەیاساکەی حکومەت.

بەگوێرەی بزووتنەوەکە ئەوان لێدوانیان لەسەر خۆپیشاندانەکەی دژی وەزیر "ئاکونیس" دا و دەڵێن: "ئێمە بەڵێنمان دابوو، لێرەش بەڵێنەکە جێبەجێ دەکەین، هەروەها ئێمە بە هەموو ئەوانەی هەوڵی تێکدانی دیموکراسی ئیسرائیل دەدەن دەڵێین چاوەڕێی ئەوە مەکەن لە کاتی گەشتەکانیان بۆ ئەمەریکا بە ئاسوودەیی هاتوچۆ بکەن. ئێمە دەگەینە هەر شوێنێک کە ئەوانی لێبێت، ئێمە ڕێگرییان لێدەکەین لە بڵاوکردنەوەی درۆ، بەمەش بەرگری لە ژیان و داهاتووی منداڵ و خێزانەکانمان دەکەین".

 لە سەرەتای مانگی یەکدا لەوەتەی رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسایی دادوەری راگەیەندراوە، حکومەت ئامانجی لە هەموارکردنەوەکە ئەوەیە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بەهێزتر بکات لەسەر حیسابی دادگای باڵای وڵات.