ناسا تا 2025 زیاتر لە 100 ملیار دۆلار خەرج دەکات تا مرۆڤ بنێرێتەوە سەر مانگ

K24 - هەولێر

موشەکی ئێس ئێڵ ئێسی ناسا شەش ملیار دۆلاری زیاتر تێدەچێت لەو بودجەیەی بۆ دانراوە و شەش ساڵیشە دەبوایە کارەکانی تەواو بوایە کەچی هێشتا کاری تێدا ماوە.

یەکێک لەو موشەکانەی هاوکاری ناسا دەکات بۆ ئەوەی لە پرۆژەی ئارتیمس سەرکەوتوو بن و بتوانن مرۆڤ بنێرنەوە سەر مانگ موشەکی ئێس ئێڵ ئێسە کە راستەوخۆ کەشتیوانان دەباتە سەر مانگ، بەڵام شەش ساڵە لەسەر خشتەی تەواوبوونی لایداوە و زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری زیاتری تێچووە لەو پارەیەی ناسا بۆی داناوە.
هەرچەندە زۆری تێچوونی ئەو جۆرە پرۆژانە لەلایەن ناساوە کارێکی نائاسایی نییە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە ناسا دەڵێت تا 2025 تێچووی پرۆژەی ئارتیمس دەگاتە 93 ملیار دۆلار ئەوە جگە لەو 23.8 ملیار دۆلارەی کە تەنیا لە موشەکی ئێس ئێڵ ئێس خەرجیان کردووە.
ناسا پلانییەتی بە هاوکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیڵۆن مەسک و کۆمپانیای بۆشایی ئاسمانییەکەی جێف بەیزۆزی سەرۆکی ئەمازۆن لە 2024 بۆ 2025 هەندێک لە کەشتیوانەکانی بنێرێتە سەر خاکی مانگ و یەکەم ئافرەت لە مێژوودا پێ لەسەر مانگ بنێت.