رێبەری نوێی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم: لە کوردستان وەبەرهێنان بکە
K24 - هەولێر:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم دوایانە نامیلکەیەکی بە زمانی ئینگلیزیی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "لە کوردستان وەبەرهێنان" بکە کە تێیدا سێکتەرە گرنگ و سەرەکییەکانی وەبەرهێنانی دەستنیشان کردووە لە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کە خوازیارن لە هەرێمی کوردستاندا کاربکەن وەک هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری.
لە دەستپێکی نامیلکە 64 لاپەرەیەکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشەکیەکی نووسیووە کە تێیدا هانی وەبەرهێنەران دەدات لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و دڵنییایی هەموو پشتیوانییەکیش دادەت بۆ سەرخستنی وەبەرهێنانەکانیان.
بەهێزی ئاسایش و سەقامگیری و هێزی کاری شارەزا و کەمی تێچووی کارکردن لە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشێکن لەو خاسیەتانەی کە هەرێمی کوردستان دەکەن بە شوێنێکی سەرنجراکێش بۆ کۆمپانیاکان تا وەبەرهێنانی لێبکەن.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی پێشەکییەکەیدا نووسیویەتی: وەک سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەدەم کە حکومەتەکەم پابەندە بە برەودان بە کەرتی تایبەت و هەمەچەشنکردنی ئابووری دوور لە پشتبەستن بە نەوت و گاز. دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتگیریەکی پێویست بۆ سەرکەوتنتان لە هەرێمی کوردستان. زۆر بەسادەیی، ئێمە دەزانین سەرکەوتنی ئێوە، سەرکەوتنی ئێمەیە.
سەرەرای دروستکردنی کاری باش و بەردەوام و درێژمەودا، مەسرور بارزانی دەڵێت، حکومەتی هەرێم کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان بدەن.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا، حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ پێداچوونەوە بە گشت لایەنەکانی وەبەرهێنان و ژینگەی بازرگانی کارکردن لە هەرێمی کورستان لە رێگەی ئاسانکاریکردن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و کەمکردنەوەی ئەو کاتەی پێویستە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ تەندەری گشتی.
مەسرور بارزانی دەشڵێت: ئێمە بە بایەخەوە لە شارەزایی و ئەزموونی وەبەرهێنەرانی نوێ دەڕوانین و چاومان لە ئایندەیەکی گەشترە. بانگهێشتی هەموو هاوبەشانمان لە سەرانسەری دونیاوە دەکەین بۆ ئەوەی بەشداربن لەگەڵمان لە دروستکردنی ئابووریەکی سەرکەوتوو.
ناوەرۆکی نامیلکەکە چی لەخۆ دەگرێت؟
بەر لە باسکردنی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە خۆیان لە چەندین بواری جیاوازدا دەبیننەوە وەک: کشتوکاڵ و خۆراک، پیشەسازی، گەشتیاری، خزمەتگوزارایی و ژێرخان، رێبەرەکە کورتەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک زانیاریی سەرەتایی و پێویست دەخاتەڕوو وەک داهاتی تاک لە ساڵێکدا و ژمارەی دانیشتوان.
دواتر رێبەرەکە لە چەندین بەشدا زانیاری دەخاتەڕوو لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان و ژمارە و ناوی ئەو کۆمپانییانە دەخاتەڕوو کە کار لەو سێکتەرانەدا دەکەن.
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، بە قەبارەی 66 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا کراوە.
یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان چەندین هاندەری جیاواز لەخۆدەگرێت وەک دابینکردنی زەوی بۆ پرۆژەکان و لێخۆشبوونی باج و گومرگ بۆ ماوەی ساڵ، لێخۆشبوونی گومرگی لەسەری کەرەستەی خاو بۆ ماوەی پێنج ساڵ، هتد.