هاوپەیمانان پشتیوانی سەربازی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە

K24 - هەولێر:

شاندێکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ پاس، راوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و پشتیوانی سەربازی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە.

شاندەکەی هاوپەیمانان لەلایەن لیوا روکن یوسف مامک، بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوبەری حەرەکاتی سەربازی و بەڕێوبەری گەیاندن پێشوازیان لێکرا، هەروەها لە دیدارێکدا لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگی زیاتر و بەرەوپێشبردنی بەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی ڕێنماییەکانی پرۆژەیاسای چاکسازی و بە هاوکاریی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا کرد.

لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرسی چاکسازیی هێزەکان، شاندی سەربازی هاوپەیمانان رایانگەیاند، "هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرسی چاکسازی و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگە، جێگەی دڵخۆشیی هەمووانە".

هەروەها راشیانگەیاند، "پرسی چاکسازی و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگە هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا".

هاوکات راوێژکاری سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پرۆسەی چاكسازی و مه‌شق و راهێنانه‌كاندا هاوکاری و پاڵپشتیی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.