خەرمان هیرانی بەشداری لە درامایەکی نوێ دەکات بەناونیشانی "باڵەخانە"

K24 - هەولێر:
خەرمان هیرانی، شانبەشانی چەند هونەرمەندێکی ناسراوی کورد، بەشداری لە درامایەکی نوێ دەکات بەناونیشانی "باڵەخانە"، کە لە نووسین و دەرهێنانی دڵشاد حوسێنە.
خەرمان هیرانی لەبارەی بەشداری لەو بەرهەمە درامییەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، درامای باڵەخانە سەربوردەی ژیانی خەڵکە بە گرفتە هەڵپەسێردراوەکانیان و تا ئێستا بە دوای خاڵی چارەسەر دەگەڕێن و نەگەیشتوونەتە چارەسەرەکان.
هەروەها راشیگەیاند، "لەو درامایەدا رۆڵی دایکێک دەبینم، کە بووەتە پاڵەوانی دراماکە و لە وەرزێکدا، کە دوانزە ئەڵقەیە بەشدارم و بەمزووانەش لە کەناڵێکی ئاسمانی پەخشدەکرێت".
دراماکە لە دوانزە ئەڵقەی جیاواز پێکهاتووە و لە هەر وەرزێکیشدا باس لە گرفتەکانی ئەمڕۆی نێو کۆمەڵگە و ژیان بە گشتی دەکات.
هاوکات خەرمان هیرانی، باسی لەوەشکرد، "بەشداریم لە فیلمێکی دیکەش کردووە بە ناوی (بێدەنگ دەمرین)، کە لە نووسین و دەرهێنانی محەمەد شێروانیە، لەو بەرهەمەشدا رۆڵی ئافرەتە کریستانییەک دەبینم، ئێستا ئەو فیلمە لە قۆناغی مۆنتاژدایە و لە ئاییندەیەکی نزیک دەبێتە میوانی سینەماکان".
.jpeg)
.jpeg)
.jpeg)
