سەندیکای رۆژنامەنووسانی مەغریبی: کەناڵی ئەلجەزیرە بێژەری مەغریبی عەبدولسەمەد ناسر لە کارەکەی دوورخستەوە

عەبدولسەمەد ناسر
عەبدولسەمەد ناسر

K24 – هەولێر:

سەندیکای نیشتمانی رۆژنامەنووسانی مەغریبی ئاشکرایکرد، کەناڵی جەزیرەی قەتەری عەبدولسەمەد ناسر، بێژەری دیاری کەناڵەکەی لە کارەکەیدا دوورخستەوە کە لە ساڵی 1997ـەوە لەو کەناڵەدا کاردەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی مەغریب راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەڕێوەبەریەتیی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، عەبدولسەمەد ناسریان ئاگادارکردووەتەوە کە کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی لەگەڵ کەناڵەکە هێندراوە و بەمەش دوای 26 ساڵ کارکردنی ئەو بێژەرە دیارەی ئەلجەزیرە لەسەر شاشەی کەناڵەکە کۆتایی دێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی سەندیکای رۆژنامەنووسانی مەغریبی، عەبدولسەمەد ناسر دەستپێشخەری کردووە لە بڵاوکردنەوەی تویتێک "بۆ داکۆکیکردن لە شەڕەفی ئافرەتانی مەغریب، دوای ئەوەی لەلایەن میدیای فەرمی جەزائیرەوە سووکایەتییان پێکراوە" و دوای ئەم توویتەش بەڕێوەبەری هەواڵی کەناڵی ئەلجەزیرە کە کەسێکی جەزائیرییە داوای لێدەکات تویتەکەی لابدات، بەڵام وەڵامی عەبدولسەمەد ناسر، نەخێر بووە، چونکە بە گوتەی خۆی بابەتەکە پەیوەندی بە ئازادی رادەڕبڕینەوە هەیە و لە دەرەوەی شوێنی کارکردن و پەخشی کەناڵەکە بڵاویکردووەتەوە.

هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی مەغریبی روونیکردووەتەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە دیداری بەڕێوەبەری هەواڵ و  عەبدولسەمەد ناسر، کەناڵی ئەلجەزیرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیداوە و کۆتایی بە کارکردنی لەو کەناڵەدا هێناو.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن خودی بێژەرەکە و کەناڵی ئەلجەزیرە لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەواڵی لەکار دوورخستنەوەی عەبدولسەمەد ناسر، بێژەری دیاری ئەلجەزیرە دەنگدانەوەی زۆری لەناو سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی راگەیاندندا بەدوای خۆیدا هێناوە.

عەبدولسەمەد ناسر لە ساڵی 1997ـەوە پەیوەندی بە کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەرییەوە کردووە و لەو کەناڵەدا جگەلە خوێندنەوەی گەشتی هەواڵەکان، پێشەکەشکاری کۆمەڵێک بەرنامەی بەناوبانگی ئەو کەناڵە بووە، جگەلەوەش لە رووماڵکردنی چەندین رووداو و بۆنەی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا، یەکێک لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئەلجەزیرە بووە، لەوانەش راپەڕینی دووەمی فەڵەستینییەکان، رووداوەکانی 11ـی سیپتێمبەری 2001 لە ئەمەریکا، جەنگی ئەفغانستان، جەنگی عێراق و جەنگ و رووداوە ناوخۆییەکانی لوبنان.