رێگەی نێوان هەردوو شارەدێی دێگەڵە و شۆڕش قیرتاو دەکرێت

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی قیڕکردنی رێگای نێوان ھەردوو شارەدێی دێگەڵەو شۆڕشی بە گوژمەی چوار ملیار دینار و بە درێژی 37 کیلۆمەتر خستەبواری جێبەجێکردن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییانەی کە هەیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە کەرتی رێگاوبان داوە، لەم چوارچێوەشدا ئەمڕۆ کۆبوونەوە و بەردی بناغەی ئەم پرۆژە گرنگەمان دانا".

لەلایەکی دیکە کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە، بۆ کوردستان24، گوتی:"خۆمان بە خزمەتکاری گوندەکان دەزانین، ئەو پرۆژانەی کە کراوە هێشتا لە ئاست خواستەکانی خەڵکی ناوچەکدا نیین، بەڵام لە پلانماندایە لە داهاتووەیکی نزیکدا سەرجەم رێگەی گوندەکان قیرتاو بکرێت".

لەلاین خۆیەوە، جەلیل تەها، دانیشتووی گوندی بایزاغا، بە کوردستان24ـی راگەیاند:" دانیشتوانی 40 گوند سوود لە رێگاکە دەبینن، پێشتر پەرت و بڵاوبووین و ڕێگای دوور و ناخۆشمان دەبڕی، جار ھەبووە نزیک بووە نەخۆشمان بمرێ بەھۆی ئاستەنگی ڕێگاکە ، ئەو پڕۆژەیە کۆتایی بێت ، بۆ ئێمە زۆر گرنگە".