پۆلیسی گەرمیان لەسەر شەڕەتەقەی نێوان چوار برا روونکردنەوە دەدات

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو لە قەزای کفری شەڕەتەقە لەنێوان ئەندامانی خانەوادەیەک روویدا و بەهۆیەوە سێ برا بە گوللـە برینداربوون.

لەوبارەیەوە عەقیدی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری لە پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، رووداوەکەی شەوی هەینی لە قەزای کفری بووە و بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە شەڕەتەقە لەنێوان چوار برا دروست بووە.

بەگوتەی پۆلیسی گەرمیان، دوو برا لەگەڵ دوو برای دیکەیان ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان و شەڕیان کردووە، بەهۆی شەڕەکەوە، سێ برا بە گوللـە برینداربوون.

ئاماژە بەوەشدرا، لە نەخۆشخانەی قەزاکە چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان کراوە و رەوانەی نەخۆشخانەی قەزای کەلار کراون.

عەقیدی مافپەروەر، عەلی جەمال باسی لەوەشکرد، پۆلیسی قەزای کفری چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405/ 31 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەر چوار تۆمەتبار کە برای یەکترن دەرچووە.

ئێستا سێ لە تۆمەتباران بە برینداری دەستگیرکراون و یەکێک لە بریندارکان هەڵاتوە و پۆلیس لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان.