فیلمی مێسی بەغدا بەربژێری بردنەوەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی شەنگەهایە

K24 - هەولێر:

فیلمی "مێسی بەغدا" کە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد و جیهانی سەهیم عومەر خەلیفەیە، ئێستا یەکێکە لە بەربژێرەکانی خەڵاتی فێستیڤاڵی شەنگەهای.

یەکەم نمایشی فیلمی بڵندی 'مێسی بەغدا'، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا بوو، کە چالاکییەکانی لە مانگی کانوونی دووەم تا شوباتی 2023 لە ئۆستێندەی کەنار دەریایی بەلجیکا بەڕێوەچوو، جگە لە بەلجیکاش تا ئێستا بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و بووەتە خاوەنی خەڵاتەکانی باشترین دەرهێنان و باشترین فیلم  و باشترین ئەکتەر.

ئێستاش لە پێشبڕکێی بردنەوەی سێ خەڵاتی نوێیە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شەنگەهای چینی، کە بڕیارە لە 9 تا 18ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

خەڵاتەکانیش بریتین لە هەڵبژاردەی میدیا بۆ باشترین فیلم، هەڵبژاردەی میدیا بۆ باشترین دەرهێنەر و هەڵبژاردەی بینەرە لە فێستیڤاڵەکەدا، جگە لەمەش مێسی بەغدا، لە یەکێک لە کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا بەشدارە، کە ئەویش 63مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە، کە گرنگی بە فیلمسازانی گەنج دەدات.

سەهیم عومەر خەلیفە، سەبارەت بە بەشداری لە فیستیڤاڵەکەدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند: خۆشحاڵم کە فیلمەکەم لە گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی چین نمایش دەکرێت.

گوتیشی: ئەمە دەسپێکێکی جوانە بۆ بەرهەمە سینەماییەکانی من لەو وڵاتە، کە لە پێشووتردا فیلمەکانم بەشداریان لە زۆربەی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی ناوخۆ و جیهاندا کردووه.

.