بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە خێزانێک بوونە قوربانی
K24 - هەولێر:
پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ لەڕێگەی نێوان لەیلان - گوندی تەپەلو، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
عەمید سەڵاح سابیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی لەیلان بە کوردستان24 راگەیاند، رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندگرۆزەر روویداوە و بەهۆیەوە خێزانێکی حەوت کەسی لەنێو ئۆتۆمبێلی ئۆپڵەکە بوونەتە قوربانی کە باوک و کورێک گیانیان لەدەستداوە و سێ كچ و خێزان و کوڕێکی دیکەشیان برینداربوون کە برینی سەرجەمیان سەختە.
بەڕێوبەری پۆلیسی لەیلان گوتیشی، لە ئێستادا تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی کراون و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی کەرکوکیش لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە هۆکاری رووداوەکە بەهۆی سەرپێچی شۆفێری ئۆتۆمبێلی ئۆپڵەکەوە بووە، بەهۆی ئەوەی رێگەکە یەک سایدە و بەهۆی دەرچوونی هەڵەوە ئەم رووداوە روویداوە.