جوان حاجۆ: باڵانسێكم بۆ گۆرانی شۆڕشگێڕی و دڵداری داناوە

"لە نێو زوڵم و ستەمدا ژیاوم"
جوان حاجۆ
جوان حاجۆ

K24 - هەولێر:

جوان حاجۆ  زیاتر لە چل ساڵ دەبێت بە ناوێكی دیاری نێو هونەری كوردییەوە هاتووەتە نێو مەیدانی هونەر، گۆرانییەكانی شوێنی خۆی لای هەوادارانی كردووەتەوە، بە شێوازێكی مۆدێرن گۆرانیی رەسەنی كوردی پێشكەش كردووە، بەجۆرێك كە پیر و لاو خۆیانی تێیدا ببیننەوە.

خاوەن دەنگێكی رەسەن و ستایلێكی تایبەتە، هەر كە گوێت لە دەنگی دەبێت، هەست بە ئازارێكی قووڵ دەكەیت، ئازارێك كە رەنگدانەوەی هەستی هەزاران كوردە لە سەرتاسەری جیهان، تەنانەت لە گۆرانییە ئەویندارییەكانیشیدا، هەست بە تامەزرۆیی ئەو هونەرمەندە دەكرێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان، كە خاكی ئەو وڵاتەكە بە پیلانی دوژمنان و بۆ بەرژەوەندیی داگیركاران دابەشكراوە.

لەم دیدارە تایبەتەی کوردستان24، جوان حاجۆ باسی كار و بەرنامە هونەرییەكانی خۆی دەكات، کە نزیكەی نیو سەدەیە گۆرانی بۆ ئازار و كارەساتەكانی میللەتی كورد دەڵێت، بە جۆرێك كە هەست دەكرێت، كە جیاواز لە هونەرمەندانی دیكە جوان حاجۆ گۆرانیی بۆ یار و خۆشەویستی وەك پێویست نەگوتووە.

لەمبارەیه‌وه‌ جوان حاجۆ پێیوایە، تا ئێستاش كورد پێویستی بە گۆرانی و سروودی نیشتمانییە و دەڵێت: ئێستاش كۆمەڵگە و نەتەوەی ئێمە لە نێو زوڵم و ئێش و ژاندایە، خاكەكەشمان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە، زمانی ئێمە قەدەغە كراوە، هەر لەو كاتەی من هەستم بە ژیان كردووە لە نێو زوڵم و ستەمدا ژیاوم، بۆیە ئەو زوڵمە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گۆرانییەكانم هەبووە، بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گۆرانیمان گوتووە، بەڵام هیچ كات من گۆرانی ئەڤینداریم لە بیر نەكردووە و باڵانسێكم بۆ گۆرانیی شۆڕشگێڕی و ئەڤینداری داناوە.

سەبارەت بە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە گۆرانیبێژانی ئافرەت لە مەیدانی هونەری كوردیدا و ئایا ئەو گۆرانیبێژانە كاریگەرییان ئەرێنی، یان نەرێنییە لەسەر پێشخستنی هونەری كوردی، هاوكات بۆشایی نەبوونی ئافرەتان لەو بوارە و بەتایبەتیش لە ئێستادا كە هەست دەكرێ هونەری كوردی لە زۆر بواردا لە داكشاندایە، حاجۆ رای تایبەتی خۆی گوتی: بە پێچەوانەی ئەو بیركردنەوەی لە ئێستادا سەبارەت بە ئازادیی ئافرەتان لە گشت بوارەكاندا هەیە، من راشكاوانە دەڵێم، پێشتر ژنانی كورد ئازادتر بوون لە ژنانی ئێستا، ئەم پاشاگەردانییە تەنیا لەنێو كورددا نییە، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هەیە.

768

راستە ئێستا پاشاگەردانییەكی یەكجار زۆر لە بواری ئازادی ئافرەتاندا هەیە، بەڵام ئێستایش هەندێك لە ژنانی كورد جێ پەنجەیان لە نێو میوزیك و گۆرانیدا دیارە و دەنگخۆشی زۆرباشمان هەن.

سەبارەت بەوەی كە ئێستاش ژمارەیەكی زۆری گۆرانیبێژی لاو پەیدا بوون، كە بەردەوام بەرهەمی مۆدێرن و سەردەمی پێشكەش دەكەن، بەڵام هەست دەكرێ تا ڕادەیەكی زۆر هونەری ڕەسەنی كوردییان فەرامۆش كردووە و موزیكی فۆلكلۆری و ڕەسەنی كوردی زۆر دەوڵەمەندە، پێویستە بە هەموو لایەكمان پارێزگاری لێ بكەین و بیپارێزین، بەشێك لە گۆرانی و میوزیكە ڕەسەنەكان دووبارە بكەینەوەو بەشێوەیەكی نوێ پێشكەش بە نەوەكانمانی بكەینەوە، پێویستە حەیران و لاوك و مەقاماتی ڕەسەنی كوردی لەلایەن هونەرمەندانی كورد زیندوو بكرێنەوە، ئەمڕۆ میوزیك پیشەسازیە، میوزیك بازاڕە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بازاڕی میوزیكی كوردی نییە، لە ئەوروپا ئاستی كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد سفرە، تەنیا لە نەورۆزدا نەبێت، كە لە چەند شارێكی گەورەی ئەوروپا كۆنسێرت دەكرێت، ئەمەش هیچ خزمەتی گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات و نەوەی نوێ سوودی لێ وەرناگرێت، بۆیە زیاتر لە پێنج ساڵە ناچمە هیچ كۆنسێرتێك، چونكە هەست دەكەم خزمەت بە گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات، ئێمە سێ ملیۆن كوردین لە ئەوروپا دەتوانین دنیا بهەژێنین، بەڵام بەداخەوە ڕێكخەرێكی باش نییە بتوانێت ئێمە و كوردی ئەوروپا بە یەكەوە كۆ بكاتەوە.

67

سەبارەت بە چۆنێتی پێشخستنی هونەری كوردی و هاوكاری كردنی هونەرمەندان، جوان حاجۆ دەڵێت: پێم باشە بودجەیەك بۆ زیندووكردنەوەی گۆرانی و میوزیكی ڕەسەنی كوردی تەرخان بكرێت و میوزیكی مۆدێرنیش لەبیر نەكرێت، هەروەها دەزگایەكی تایبەت بە ئۆنلاینی گۆرانی كوردی دابنرێت، كە مافی هونەرمەندان بپارێزێت، و دەزگایەكی دیكە تایبەت بە كۆنسێرت دابمەزرێت لەگەڵ ستۆدیۆیەك بۆئەوەی هەموو هونەرمەندانی كوردستان لەو ستۆدیۆیە گۆرانییەكانیان تۆمار بكەن و خەرجییەكانیش بكەوێتە ئەستۆی حكومەت، ئەم كارانە دەبنە هۆكارێك كە هونەر لە كوردستان پێش بكەوێت و بەرهەمی هونەرمەندانیش زیاد بێت.

لەبارەی گلەیی هونەرمەندانی كورد لە بوونی دیاردەی كۆپیكردنی بەرهەمەكانیان و نەپاراستنی مافەكانیان كە دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی ئەرك و ماندووبوونیان جوان حاجۆ دەڵێت: بۆ ماوەیەك پێش ئێستا ئەم گلەییە لە شوێنی خۆی بوو، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سەردەمەوە ئیدی شتێك نەماوە بەناوی سیدی و ئەلبووم، بەڵكو هەموو شتێك لە ڕێگەی بازاڕی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت، پێم باشە هونەرمەندانی كوردیش لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە، چونكە مافەكانیان زیاتر لەوێ پارێزراوە، كەسیش ناتوانێت بەرهەمەكانیان كۆپی بكات.

90

گۆرانی (نەسرینێ) یەكێكە لە گۆرانییە كۆنەكانی جوان حاجۆ، و تا ئێستا هونەرمەندان لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانیاندا دەیڵێنەوە. تەنانەت هەندێك لە هونەرمەندان كلیپیان بۆ كردووە و بڵاویان كردووەتەوە، لەم ڕووەوە گوتی: من هەمیشە گوتوومە و لێرەش دووبارەی دەكەمەوە، هەر كەسێك ئازادە گۆرانییەكانی من بڵێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستكاریی میلۆدی و تێكستەكەی بكات.