هەردوو پارێزگاری هەڵەبجە و کرماشان لەسەر کردنەوەی مەرزی شۆشمێ رێکدەکەون

کۆبوونەوەی هەردوو پارێزگاری هەڵەبجە و کرماشان
کۆبوونەوەی هەردوو پارێزگاری هەڵەبجە و کرماشان

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەڵەبجە و کرماشان لەسەر کردنەوەی مەرزی شۆشمێ رێکدەکەون و ئاماژە بەوە دراوە، "کۆماری ئیسلامی ئێران پێی باشە هەرچی زووە مەرزەکە بکرێتەوە."

ئەمڕۆ هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بۆ کۆماری ئیسلامی  ئێران و لەمیانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئازاد تۆفیق لەگەڵ تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان کۆبووەوە.

کاوە شێخ عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، له کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەڵەبجە کرانەوەی پرۆسەی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان لە مەرزی شۆشمێ تەوێڵەوە بە گرنگ باسکردووە و ئامادەکارییەکانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی لە مەرزەکەوە بۆ باس کردن.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە روونیشیکردەوە، پارێزگاری کرماشان ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئەو هەنگاوی کرانەوەیە خستەڕوو و جەختی لەوەکردەوە، ئەوان پێیان باشە هەرچی زووە مەرزەکە بکرێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوکات مامۆستا قادری قادی ئیمام جومعەی پاوە کە ڕۆڵێکی کارایی لەکردنەوەی مەرزەکەدا هەبووە، لە گوتاری هەینیدا ئاماژەی بە گرنگی کردنەوەی ئەم مەرزە بۆ هاووڵاتیان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی کردنەوەی مەرزەکە ڕادەگەیەنن.

کاوە شێخ عەلی گوتیشی، بڕیاری  کردنەوەی مەرزەکە وەک مەرزێکی گەشتیاری و بازرگانی بڕیاری لەسەر دراوە و بڕیارە دوای ڕێکارە ئیداریەکان  ئامادەکاریەکان بەڕەسمی بڕیارەکە  ڕادەگەیەنرێت.