لە سنووری برادۆست "تی ئێن تییەک" بە دوو پاسەوانی سنووردا تەقییەوە؛ یەكێکیان گیانی لەدەستداوە

K24 - هەولێر

لە سنووری برادۆست لە قەزای سیدەکان "تی ئێن تییەک" بە دوو پاسەوانی سنووردا تەقییەوە؛ یەكێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

ئەمڕۆ هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، ئیحسان چەلەبی، قائیمقامی سیدەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری برادۆست تی ئێن تییەک بە دوو پاسەوانی سنووردا تەقیەوەتەوە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان بریندارە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کراوە.

بەگوتەی قائیمقامی سیدەکان، ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە ناوی رزگار عەبدولکەریم محەممەدە، تەمەنی 35 ساڵە، و خەڵکی دەڤەری برادۆستە لە سنووری قەزای سیدەکان. هاووڵاتییەکەی دیکەش کە بریندارە، ناوی سامان فەتاحە، تەمەنی 50 ساڵە و خەڵکی قەزای رەواندزە.

وەکو ئەوەی ئیحسان چەلەبی ئاماژەی پێ دا، ئەو دوو پاسەوانی سنوورە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە بارەگاکەیان چوونەتە بناری چیای قەلەڕەش و لەوێ "تی ئێن تییەکە" پێیاندا تەقیوەتەوە.

قائیمقامی سیدەکان گوتیشی، "چەکدارانی پەکەکە ئەو 'تی ئێن تییەیان' دانابووەوە و جاری یەکەم نییە لە سنوورەکە دەتەقێنەوە، ماوەیەک پێش ئێستا چەند تی ئێن تییەکی دیکە بە ژمارەیەک سەر ئاژەڵدا تەقیونەتەوە".