هەولێر.. ئۆتۆمبێلێک خۆی بە دوکانێکی گوڵفرۆشیدا دەکێشێت

دوکانی گوڵفرۆشی لە هەولێر
دوکانی گوڵفرۆشی لە هەولێر

K24 - هەولێر: 

لە هەولێر ئۆتۆمبێلیک خۆی بە دوکانێکی گوڵفرۆشیدا دەکێشێت، هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی خاوەنی دوکانەکە، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە ئافرەتێکی مەغریبییە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات.

ئەمڕۆ (هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023) لەسەر شەقامی 100مەتری هەولێر، ئۆتۆمبێلیک خۆی بە دوکانێکی گوڵفرۆشیدا کێشا، کە بەگوتەی خاوەنی دوکانەکە، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە ئافرەتێکی مەغریبییە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات و تەمەنی 30 ساڵ دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رووداوەکە بەهۆی پێشبڕکێی نیوان دوو ئۆتۆمبێل بووە و یەکێکیان کە ئافرەتە مەغریبییەکە لێی خوڕیوە و سەرنشینێکی دیکەی ئافرەتی لەگەڵدا بووە، بەهۆی خێراییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سایدی بەرامبەری و چووەتە ناو دوکانی گوڵفرۆشییەکە و دواتر گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات.

دوای رووداوەکەش هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی خاوەن دوکانەکە، شوفێرەکە تەندروستی باشە، بەڵام سەرنشینەکەی دیکە هەندێک بریندارە، ئاماژەی بەوەشکردووە، شوفێرەکە نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە و چووەتە لای دوکاندارەکە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ قەرەبووکردنەوەی و داوای لێکردووە سکاڵای لە دژ تۆمار نەکات.

خاوەنی دوکانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئافرەتەکە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەدا، لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی ماددەی کحوولدا بووە.