وەزیری پەروەردە: دوای جەژن ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەگەیەندرێت

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کراوە و دوای جەژن ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیەندرێت.

سبەی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە هەرسێ بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی بەڕێوەدەچن و تا رۆژی رۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبن.

117 هەزار و 364 قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکەن؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی.

لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 12ـی ئامادەیی؛ ئەمڕۆ هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی "ژووری هەواڵ"ـی کوردستان24، بوو، کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی کرد.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە، سەرجەم ئامادەکاری پێویست بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان کراوە و ئەمساڵ دوو هەزار و 106 هۆڵ لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکان بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان ئامادەکراون.

بەگوتەی ئالان حەمە سەعید، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دوای جەژنی قوربان "حاجییان" رادەگەیەندرێت و نایانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر قوتابییان لە چاوەڕاونیدا و لەژێر فشاردا بهێڵننەوە.

لەبارەی بڕینی هێڵی ئەنتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی، وەیزیری پەروەردە گوتی: ئەمساڵ بەرنامەیەکی جیاوازمان داناوە، بۆ ئەوەی لە بەژروەندی دامودەزگا حکومییەکان، کۆمپانیا و هاووڵاتییاندا بێت. ئەنتەرنێت بەشێوەیەکی گشتیی دەبڕدرێت، بەڵام رەچاوی کات بڕینەکەی دەکرێت، واتا ماوەکەی وەکوو ساڵانی رابردوو نابێت، کەمتر دەبێت.

هەر لەبارەی بڕینی هێڵی ئەنتەرنێت، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند، رۆژی پێنچشەممە 1ـئ حوزەیرانی 2023، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم نووسراوی فەرمی بڕینی هێڵی ئەنتەرنێتی ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار کردووە و ئەمساڵ کاریگەرییەکەی لەسەر هاووڵاتییان وەکو ساڵانی رابردوو نابێت.

لەبارەی ئەو قوتابیانەی گزی دەکەن، وەزیری پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، "هەر قوتابییەک گزی بکات، مامۆستای چاودێر بە گزی هەژماری دەکات و دەیکاتە کۆنووس و بۆ لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان دەنێرێت. قوتابییەکە مافی بەشداریکردنی لە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی یەکەم و دووەم نامێنێت و ئەمساڵ بە کەوتوو هەژمار دەکرێت".

ئالان حەمە سەعید گوتیشی، "هەر کەسێک وێنەی پرسیارەکان لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان بگرێت و بنێرتە دەرەوە، سکاڵای یاسایی لەسەری تۆمار دەکەین و رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە، چونکە ئەمە بابەتی گزیکردن بەتەنها نییە، بەڵکوو قوتابییەکە یان ئەو کەسەی پرسیارەکان دەنێرێتە دەرەوە، دزە بە کۆی پرسیارەکان دەکات و مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت".

وەزیری پەروەردە رەتیکردەوە ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش پرسیارەکان دزەیان پێکرابێت و گوتی، "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن پرسیارەکان لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە راستییەوە و ئێستا بێجگە لەو مامۆستایانەی پرسیارانەکانیان داناوە، پرسیار لەلای هیچ کەسێکی دیکە نییە و ڕەوانەی هیچ پارێزگایەک نەکراون".

بەگوتەی وەزیری پەروەردە، تا ئێستا لە سەرجەم شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان زۆر کەسیان دەستگیرکردووە کە پرسیاری ساختەی تاقیکردنەوەکانیان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردوونەتەوە و هەوڵیان داوە بازرگانی پێوە بکەن. وەکو خۆی دەڵێت، ئەوەی ئەمساڵ لەبەرامبەر ئەو باندانە کراوە، پێشتر نەکراوە و دەزگاکانی ئاسایش رۆڵێکی کاریگەرییان لە دەستگیرکردنی ئەو باندانەدا هەبووە و، "ئەمساڵ یەکێک لە دەستگیرکراوان سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە."

لەبارەی دانانی پرسیارەکانی پۆلی12، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، خۆی تا ئێستا پرسیارەکانی نەبینیوە و نازانێت چ پرسیارێک بۆ قوتابیان هاتوونەتەوە، چونکە ژمارەیەک مامۆستای پسپۆڕ بە ڕەچاوکردنی سەرجەم ئاستەکان پرسیارەکان دادەنێن.

وەکو ئەوەی ئالان حەمە سەعید ئاماژەی پێ دا، هیچ قوتابییەک بژمێر (حاسیبة) لەگەڵ خۆی ناباتە نێو هۆڵی تاقیکردنەوەکان و لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بژمێریان بۆ دابین دەکرێت، هەر قوتابییەک بژمێری تایبەت بە خۆی دەبێت و "نابێت دوو قوتابی هەمان بژمێریان هەبێت".

لەبارەی پرسی وانەبێژان و دامەزراندنیان، وەزیری پەروەردە گوتی، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێک بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکات بەمەبەستی دانانەوەی وانەبێژان لەو قوتابخانانەی دەوامی تێدا دەکەن، بەڵام بەگوێرەی پێویستی، واتا "ئەگەر ئەگەر ساڵی خوێندنی 2022-2023 مامۆستایەکی وانەبێژ لە قوتابخانەیەک وانەی گوتبێتەوە و ئەمساڵ قوتابخانەکە پێویستی پێبێ، فەرمانی دانانەوەیان بۆ دەردەکرێت. بەڵام بەنیاز نین وانەبێژی نوێ دابنێین".