دوو هاووڵاتی لە سنووری شارباژێر لە کاتی مەلەکردندا خنکان

ئاوی کونەماسی لە شارباژێڕ
ئاوی کونەماسی لە شارباژێڕ

K24 - هەولێر: 

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییان لە رۆژانی پشوو بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، روو لە شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان و رووبارەکان دەکەن، بەڵام زۆرجاران گەشت و سەیرانەکان رووداوی نەخوازراویان لێدەکەوێتەوە و خۆشییەکان بۆ ناخۆشی دەگۆڕێن.

ئەمڕۆ (هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023) هاووڵاتییەک لە سەیرانگای کونەماسی سەر بە قەزای شارباژێڕ لە کاتی مەلەکردندا خنکا. لەوبارەیەوە شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای شارباژێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاوڵاتییەکە تەمەنی 36 ساڵە و بە رەگەز عەرەبە، بە مەبەستی گەشتکردن  لە گەڵ خێزانەکەی سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردووە، دوای ئەوەی بۆ مەلەکردن چووەتە ناو ئاو، خنکاوە.

قایمقامی قەزای شارباژێر هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب، کە دانیشتووی بەغدا بووە، لە چەمی خەمەلۆکە کە دەکەوێتە قەزای ماوت خنکاوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو هاووڵاتییە تەمەنی 41 ساڵە و مەلەی نەزانیوە و لە قەراغی ئاوەکە پێی خلیسکاوە و خنکاوە.

دوای ئەوەی تەرمی هەردوو خنکاوەکە لە ئاو دەرهێنراون، گەیاندراونەتە نەخۆشخانە و لە پزیشکی داد توێکاری بۆ هەردوو تەرمەکە کراوە.