بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی ئاکرێ: نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان گرنگیەکی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت

K24 - هەولێر:

موحسین میرانی، بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی ئاکرێ، رایگەیاند، لە سنووری ئاکرێ رێگەی 20 گوند بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار قیرتاو دەکرێن. میرانی گوتیشی: "کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژیمان هەیە لەم زوانە دەچنە بواری جێبەجێکردن".

موحسین میرانی، بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی ئاکرێ، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان گرنگیەکی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت، بە تایبەت کە قەزای ئاکرێ ناوچەیەکی گەشتیارییە و دەبێتە کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییانمان.

هەروەها راشیگەیاند، نزیکەی 15 رۆژە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکە دەستی پێکردوە لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی دیکە بەر لە وەرزی پایزی داهاتوو تەواو دەبێت.

بەڕێوەبەری رێگاوبانەکانی ئاکرێ، ئەوەشی خستەڕوو، جووتیاران و ئاژەڵداران سوودێکی زۆر لە قیڕتاوکردنی رێگاکان وەردەگرن.

جەختی لەوەشکردەوە، پلانی سەرەکی ئێمە نۆژەنکردنەوەی رێگەی بەردەڕەشە، "کە ماوەی 24 کاتژمێر چاوی ئێمەی لەسەرە بۆ ئەوەی شۆفێرانمان توشی رووداوی هاتوچۆ نەبن".

میرانی، باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێک رێگەی ستراتیژی هەنە لە نێوان ئاکرێ و دهۆک سەرجەمیان نۆژەن دەکرێنەوە.

هەروەها گوتیشی: "کۆمەڵێک پلانی ستراتیژیمان هەیە  بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان هەم لە بواری رێگەوبان هەم گەشتیاری".