هەڵگورد شێخ نەجیب: سەردانەکەمان بۆ ئێران کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی هەردوولا دەبێت

K24 - هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەینێت، سەردانەکەمان بۆ ئێران کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی هەردوولا دەبێت. هاوکات راشیگەیاند، باس لە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری نوێ کرا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا زنجیرەیەک کۆبونەوە سازکرا، کۆبونەوەکی یەکەم رۆژ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوەخۆی ئێران و جێگری وەزیری دەوروەی ئێران بۆ بازرگانی، لەگەڵ هەر سێ پارێزگارەکانی ورمێ، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم ناوچانە بەڕێوەچوو، هەروەها کۆبوونەوەی ئەمڕۆش تا کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوو.

هەروەها راشیگەیاند، لەم سەردانانەدا باسی گرنگی جموجۆڵی بازرگانی نێوان کوردستان و ئێران کرا، هەروەها سەردانەکە کاریگەریەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی جموجۆڵی بارزگانی هەردوولا.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی لەوەشکرد، زۆر بە وردی باسی کێشە و گرفتە تەکنیکییەکان کرا و باسی چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانەش کرا، بە تایبەت لە دەروازە سنووریەکانی نێوان هەردوولا.

هەڵگورد شێخ نەجیب، روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکە بابەتێکی گرنگیش کە باسیان لێوەکرا بابەتی زیارەتکارانی ئێرانی بوو کە پارساڵ سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان کرد لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە.

هەروەها گوتیشی: "ئەوان سەرسام بوون بەو خزمەتەی کە پێشکەشی زیارەتکارانمان کرد پارساڵ، هەروەها بڕیاریانداوە ئەمساڵ رێژەی زیارەتکارانیان زیاد بکەن، ئێمەش بەڵێنماندا کەموکوڕیەکانی پار ساڵ بۆ ئەمساڵ چارەسەربکەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ کرا  کە یەکیان دەکەوێتە سنوری  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و  ئەوەی دیکەیان دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

گوتیشی: "ئێمە داوامان کرد هەر شەش مانگ جارێک ئەو کۆبوونەوانە بکرێت، بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکانی دەروازەکان بخرێنەروو و چارەسەری بۆ بدۆزرێنەوە".

ئەمڕۆ هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە: یەکەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ڕۆژی پێنجشەممە 2023.6.1، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری بازرگانی و پارێزگارانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و پارێزگارانی ئازربایجانی ڕۆژئاوا"ئورمیە"، سنە، کرمانشان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، لە ئورمییە ئەنجامدرا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەکەیان بە گرنگ وەسف کردوو و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.