وەزیری پەروەردە: پرسیار لە هەر هۆڵێکی تاقیکردنەوەکان دەربچێت لە ماوەیەکی کورتدا ئاشکرا دەبێت

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چەندین رێکار بۆ رێگری کردن لە گزی کردن و ئاشکرابوونی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی گرتووەتەبەر"پرسیار لە هەر هۆڵێکی تاقیکردنەوە دەربچێت لە ماوەیەکی کورتدا دەزانین کێ بووە".

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بە کوردستان24ی گوت: "راستە لە هەموو پرۆسەکانی تاقیکردنەوە (غەش) هەیە، بەڵام ئێمە بەدوای میکانیزمەکانی چارەسەری بابەتی غەش گەڕاوین، یەکەم لە پڕۆگرامەکانی خوێندن، جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە قوتابیان فێری ئەوە بکرێن ئەوە بە دەست بهێنن کە شایستەی خۆیانە، ئەم خاڵە دەبێ لە رووی کولتوورییەوە کاری لەسەر بکرێت، خاڵی دووەم ئەو ئیجرائاتانەیە کە ئێستا لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکان و باشترکردنی سیکیوریتی پرسیارەکان".

گوتیشی: "هەر پرسیارێک لە هەر هۆڵێک دەربچێت لە ماوەیەکی کورتدا دەزانین کێ بووە و چ قوتابییەکە و چاودێر و بەڕێوەر و هۆڵی تاقیکردنەوەیەکە، هەرچی رووبدات هەمووی دەزانین و دەستبەجێ ئیجراتی پێویست دەستپێدەکات".

هەر ئەمڕۆ وەزیری پەروەردە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپیدەکات، 2 هەزار و 106 هۆڵ بۆ تاقیکردنەوەکانی هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دابینکراوە.

گوتیشی: "ئەمساڵ لە رۆژانی تاقیکردنەوە هێڵی ئینتەرنێت لە کاتژمێر 6ی بەیانی تا 08:30 دەبڕدرێت".