ئەحمەد سالار: لە دنیاکەی دیکەش تیپێکی شانۆیی دروست دەکەم

زۆر ئازاریان داوم!
سالار ئەحمەد
سالار ئەحمەد

K24 - هەولێر

زیاتر لە نیو سەدەیە، ھونەرمەندێک بە سەلیقەی جوانی لەسەر تەختی شانۆ دەبینرێت، ئەو بە تەمەن پیربووە، بەڵام تا ھەنووکەش دڵی تەڕە بۆ شانۆ، ھیچ کاتێکیش لە بەرھەمی جوانی شانۆ سڵی نەکردووەتەوە، تەنانەت لەو ساڵانەی کە تواناکانی سنوورداربوون و ھونەری کوردی لە رووی مادییەوە ھەژار بوو، بەڵام ئەوان ھونەری کوردییان بە بەرھەمە جوانەکانیان دەوڵەمەند کردبوو.

جەنابی (موفەتیش) و (پاڵتۆش) بوو بە ناونیشانی ھونەرمەندی گەورە (ئەحمەد سالار) و لەو رێیەشەوە نازناوی ڕابەری شانۆی کوردی پێوە لکا.

ئەحمەد سالار، بۆ یەکەم جار لە گفتوگۆەیەکدا لەگەڵ  کوردستان24، باس لە رابڕدووی جوانی و شانۆ و ئازارەکانی لەنێو ھونەردا دەکات و دەشڵێت: مەگەر مردن لە تەختی شانۆ دوورم بخاتەوە، لە دنیاکەی دیکەشدا ھەوڵدەدەم تیپێکی ھاوشێوەی تیپی شانۆیی (سالار) دروست بکەم و لەوێش درێژە بە ھونەرەکەم بدەم.

*جەنابی موفەتیش یەکێکە لە شاکارە جوانەکانی ئێوە تەمەنی ئەو کارە ئێستا چەندە و چۆن پێشوازی لەو بەرھەمە کرا کە پێشکەشتان کرد؟

-بەر لە 51ـی ساڵ پێش ئێستا بەرھەمی (جەنابی موفەتیش)ـمان کرد، کە ئەوکات توانا داراییەکان بۆ بەرھەمی شانۆیی سنوورداربوو، بەڵام کارێکی گەورەمان پێشکەش کرد، کە خەڵکی پەلکێش دەکرد بۆ بینینی کاری شانۆیی، چونکە ئەگەر دەقەکانیش کوردی نەبووان، ئێمە ھەوڵمان دەدا (بی کوردێنین)، چونکە بەمە دەتوانی شانۆ تێکەڵ بە بینەر بکەیت، جەنابی موفەتیشی پێموایە نەک پێشوازی گەرمی لێکرا، بەڵکو تا ئەمڕۆش لە ھزری ھەموواندا نەسڕاوەتەوە و بووە بە ناسنامەیەک بۆ من.

*رابەری شانۆی کوردی کێ بە مامۆستای خۆی دەزانێت؟

بەداخەوە ئەوانەی منیان فێری ئەلف و بێی شانۆیی کرد ھیچیان لە ژیان نەماون، لەوانەش (ئەسعەد عەبدولڕەزاق، جەعفەر سەعدی) لە ھونەرمەندە ھاوڕێکانیشم دەتوانم بڵێم ھونەرمەندی گەورەی عێراقی (یوسف عانی)، کە من زۆر زۆر قەرزاریانم و ئەوانە بەر لە ئێمە درکیان بە گەورەیی شانۆ کردبوو، ھەموو ژیانیشیان کردە قوربانیی شانۆ.

*ئەو بەرھەمەی خۆت شانازی پێوە دەکەی کامەیە؟

-شانۆگەریی ئابلوقە و پاڵتۆ زۆر بە عەشقەوە کاری نواندم تێیدا کردووە، ھیچ بەرھەمێکیش نیە عەشقێکی لە دڵی مندا دروست نەکردبێت و بە خۆشەویستیەوە کارم تێیدا نەکردبێت، تەنانەت لە درامای (مەمی ئالان) رۆڵی من تەنیا 3 خوولەک بوو لە 30 ئەڵقەدا، بەڵام رۆڵێکی بەرچاو و دیاربوو.

*بە گوناحی نازانن، کە پارەیەکی زۆر لە درامای وەرگێڕدراو خەرج دەکرێت و لەو بوارەدا دابڕاوین؟

پێموایە لە بری ئەوەی کەناڵەکان ھەوڵدەدەن بەو پارە زۆرەی کە درامای بیانی پێدەکڕن، کە لەگەڵ داب و نەریتێکی ئێمەدا جیاوازە و بگرە یەکتر ناگرنەوە و بینەری کوردی بەلاڕێدا دەبەن گوناحێکی گەورەیە، حەقە ئەو پارەیە لە فیلمێک یان شانۆ خەرج بکرێت تا بتوانرێت داھێنان پێشکەش بە ھونەری کوردی بکرێت.

*خاوەنی چەند کتێبی؟

-ئێستا خاوەنی 40 کتێبی چاپکراوم و 20 کتێبیشم ئامادەیە و تا ئێستا چاپ نەکراون، کە ھەندێکیان وەرگێڕدراون، کە ھەموویان کتێبی دانسقەن و دەکرێت شانۆکار و ئارەزوومەندانی شانۆ سوودی لێوەرگرن.

*ئەو دێڕە چیە کە لە دڵت ماوە و لە ھیچ دیمانەیەکدا نەدرکاندووە؟

-لە ژیان دا زۆر ئازاردراوم، ئازارەکانیشم لەسەر دەستی ھاوڕێ ھونەرمەندەکانم بووە، ھەندێکجار وای بۆ دەچم، کە لە بەخیلی بێت بە کارەکانم، وێڕای ئەمەش گلەییم لە  کەس نیە و دڵیشم نایەت ئازاریان بدەم و خودا ھیدایەتی ئەوانیش بدات، چونکە من لەوەتەی ھەم نە کەسم رەنجاندووە و نە حەقی کەسێکیشم لایە.

-بەداخەوە جارێکیان ھەوڵی کوشتنی منیان دا، بەوەی کە گوایە شانۆگەریی (ئادابە)، کە نووسەرەکەی پیاوێکی عێراقیە، وایان بۆ دەسەڵات تەفسیر کردبوو، کە ئەوەی نووسیوویەتی پیاوێکە کورد ھەڵدەواسێت، کەچی لە راستیدا تا بڵێی پیاوێکی جوان و نموونەیی بوو، دەقەکەشی بە ھەناسەیەکی کۆمەنیستانە و مارکسیانە نووسی بوو، بەڵام ھەمووی بەرپێنە دانی من بوو، بۆ ئەوەی دەست لە شانۆ ھەڵگرم.

*کەی بڕیارە واز لە ھونەر و شانۆ بێنیت؟

ئەگەرچی توانا و ھێزی جارانم نەماوە بەھۆی کزبوونی چاوەکانم و لەرزینی قاچەکانم و 40 ساڵی بەردەوام ململانێم لەگەڵ نەخۆشی شەکرە، بەڵام ھەرگیز بڕوام وانیە کە بتوانم دەست لە شانۆ و ھونەر ھەڵگرم، بۆیە بڕیارمداوە تا دوا ھەناسە لە خزمەت ھونەری کوردی دابم.

*ئەگەر بپرسین ئەحمەد سالار لە گەنجیەتی خۆی دڵداری کردووە یان عاشق بووە؟

-دڵێک ھەر لەخۆیەوە بەردەوام تەڕ نەبێ، سەرخۆشی بادەی رووی دووڵبەر نەبێ، خوایە ئەو دڵە بەر خەنجەر کەوێ!، من کە عاشقی شیعر و ھونەربم، دەکرێت ئەو کەسە دڵێکی وشکی ھەبێت؟، بەڵێ منیش وەک گەنجانی دیکە عاشق بووم و ئێستاش تەمەن تێپەڕیووە، ئاماژەش بۆ دێڕە شیعرێکی (ئەحمەد شەوقی) دەدەم کە دەڵێت: ئەوەی لە گەنجیەتی عاشق نەبووبێت حەقی بە گەنجیەتی خۆی نەداوە، منیش لاموایە عاشق بوون واتە کامڵ بوونی مرۆڤ و بەبێ عەشقیش ھیچ داھێنانێک لە دایک نابێت.

*ئێستا کاتی ئەوە نیە باجی کولتووری لە سەرمایەدار و بازرگانانی وەربگیرێت بۆ پشتوانی کردن لە ھونەر؟

-بێگومان ئەرکێکی نیشتمانیە، کە ھەموو لایەک بە یەکەوە بەدەنگ ھونەری ئەو وڵاتەوە بێن و دەستی ھونەر.

.