خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە شەقامەکانی هەولێر دابین دەکرێت

K24 – هەولێر

لە مەودوا لە پڕۆژەکانی شارەوانی  و شەقامەکانی هەولێر رەچاوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت.

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شوێنی ھاتووچۆ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سەنتەری شاری هەولێر (چواردەوری قەیسەری، چواردەوری نافورەی شار، بازاڕی سیروان تاکو شێخ چۆلی و پێش پارێزگا) دیاریکراوە، بۆ دەستنیشان کردنی شوێنی ھاتووچۆ بۆ نابینان، وەک ئاسانکاری بۆ هاتووچۆکردنیان لە شوێنە گشتییەکان.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیە چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر هەن کە کاری لەسەر دەکەین، یەکێک لەو چینانەی ئێمە دەبێ خزمەتیان بکەین خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانن، لەمەودوا دەبێ لە گشت پڕۆژەکانی شارەوانی هەولێر رەچاوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکرێت، بەتایبەتی لە شەقامەکان وەکو ئاسانکاری بۆ هاتووچۆکردنیان".

ئاماژەی بەوەشدا، لە هەفتەی داهاتووەوە لە چەندین شەقام و شوێنە گشتییەکانی ناو شاری هەولێر دەست دەکرێت بە پڕۆژەی دیاریکردنی شوێنی تایبەت بۆ هاتووچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.